لە دیزاینەوە بۆ دازاین / دکتۆر سەردار عەزیز
(0) /
ڕوانگە - لە پڕ وشەی دیزاینی ئینگلیزی هاتە ناو زمانی کوردییەوە. وشەکە بەو مانایە دێت کە کەسێک یان هێزێک هەیە لە پشت سیستەمی هەڵبژاردنەوەی کە لە میانەی داڕشتن و لە قاڵبدانیدا وەهای ئاراستەی دەکات کە ئامانج و مەبەستەکانی خۆی پێ فەراهەم بکات. دیزاین بەمجۆرە مانای زۆرە. یەکەم مانای ئەوەی کە هێزێکی باڵا هەیە، کە لە ڕێگای سیستەمێکەوە دەتوانێت هەڵبەز و دابەز بە دەنگ و پێگە و کاریگەریی هەموو ئەوانە بکات کە لەناو پرۆسەکەدان. دووەم، کاتێک چەمکی دیزاین لەناو کایەی دینی میتافیزیکی کوردیدا بەیان دەکرێت، خێرا، بە ئاگایی و بێئاگایی، دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو دۆخە میتافیزیکییە کە لە پشت دونیاوە هێزێکی کاریگەری تر هەیە کە داڕێژەری دونیایە و مرۆڤەکان توانا و کاریگەرییان لە سەر نیە. بەمجۆرە دیزان جۆرێک لە بێدەسەڵاتی هێزە کوردییەکان دەردەخات.
سێیەم، دیزاین مانای وەهایە کە سەرتاپای پرۆسەی دیموکراسی نە لە دەستی خەڵکدایە و نەک تەنانەت نوخبەی سیاسی، بەڵکو هەموو ئەمانە بە پێی ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان پاداشت و سزا دەدرێن.
با بێیە سەر دازاین. دازاین چەمکێکی لێکدراوە فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن هایدگەر دایهێناوە. چەمکەکە لە لێکدانی دی کە یانی ئەوێ یان جیهان، لە گەڵ ساین کە یانی بون. بەم پێیە بە مانای بون لە دونیادا دێت. ئەم بونە مرۆڤ جودادەکاتەوە لە بونەوەرەکانی تر کە بە ئاگایە لە بونی لە دونیادا و دەبێت بونێکی ڕەسەن بێت. لێرەدا نامەوێت زیاتر لە سەر مانا ئاڵۆزەکانی ئەم چەمکە بڕۆم. بەڵام لە کاتێکدا کە لە گەڵ دیزایندا بەرامبەریان دەکەینەوە لە دۆخی ئێستای کوردیدا دوو مانای پێچەوانەیان هەیە.
هێزە کوردییەکان کاتێک هەڵبژاردنیان بۆ دیزاین دەکرێت، ئەوا یەکسەر مانای وەهایە کە دازاینان نیە یانی ئامادەیی خۆییان لە دونیادانیە.
دیارە دیزاین کرابێت یان نا، لە ئێستادا و لەم دۆخە عەقلییە دەرونییەی ئێمە مەبەستمانە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نیە، چونکە هەبونی هێزێکی تر باڵا بە سەر هێزە کوردییەکاندا، ڕاستیەکی نکوڵی لێنەکراوە. لە هەمانکاتدا ئەو هێزە کە هەموان لە خزمەتیدان و ناوێرن ناوی بەرن، بێگومان پلان و ئامانجی خۆی هەیە، بۆیە ئەگەر بۆی بکرێت دیزاین دەکات. کاتێک کە دیزاین دەکات، ئەوا دازاین لە هەموو هێزە کوردییەکان دەسێنێتەوە.
تێبينيێك بنێرە: