سزای هەرکەسێک دەدرێت کە ڕێگری لە کارمەندانی " هەژماری من" بکات
(0) /
ڕوانگە - بەپی نووسراوێکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی وەزارەتی داد - داواکاری گشتی، وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی کراوە، هەر بەڕێوەبەری بانکێک، یان ئەفسەر و پۆلیسێک رێگری لە کارمەندانی (هەژماری من) بکات، سزا دەدرێت، داواکاری گشتی بە فەرمی داواکەی گەیاندووەتەوە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
بەپێی نووسراوێکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 5171 کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە، تێیدا هاتووە، "پشتبەست بە پەسندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەردەوامە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران.
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سێ خاڵی ئاراستەی هەر سێ وەزارەتەکە کردووە و ئەمە دەقەکەیەتی:
یەکەم: وەزارەتی دارایی و ئابووری تاکە لایەنی تایبەتمەندە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریکردنی شێوازی دابەشکردنی مووچە، کاری پێویست ئەنجام بدات بە وەرگرتنی رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی رێگری دەکەن لە کارمەندانی (هەژماری من) بۆ راییکردنی کارەکانیان؛ یان هەر بەرپرسێکی دیکەی حکومی، پشتبەست بە هەردوو مادەکانی 4 و 5 لە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەری دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 14ی ساڵی 1991.
دووەم: وەزارەتی ناوخۆ رێکاری پێویست ئەنجام بدات بەگوێرەی حوکمەکانی یاسای سزاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 14ی ساڵی 2008 بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس کە رێگری دەکەن لە کارمەدانی (هەژماری من) بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان.
سێیەم: وەزارەتی داد - سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، رێکاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوکمەکانی یاسای داواکاری گشتیی ژمارە 159ی ساڵی 1975ی هەموارکراو و پشتبەست بە هەردوو مادەی 231 و 240 لە یاسای سزاکان، ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە جووڵاندنی داوای سزایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی رێگری لە کارمەندانی (هەژماری من) دەکەن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتەوە.
تێبينيێك بنێرە: