پەرلەمانتارێکی کورد چارەنووسی 200 ملیارەکەی بەغدا بۆ هەرێم بە نادیار ناو دەبات

(0) / / كوردستان / بەشیر حەداد


Jul 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە چارەنووسی 200 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم دیار نییە و ناردنی ئەو بڕە پارەش ڕێکەوتنی لە سەر نەکراوە.

بەختیار شاوەیس ڕایگەیاند کە ئەگەر حکومەتی هەرێم بە جێبەجێکردنی هەر سێ بڕگەکەی مادەی 11 ی پرۆژە یاسای بودجە پابەند نەبێت، بە دڵنیاییەوە حکومەتی عێراق پارە نانێرێت بەو 200 ملیاریشەوە.

ناوبراو وتی کە ناردنی پارەکە بۆ هەرێم قورسە و پێشبینی ناکەم ئەم هەفتەیە پارە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی هەروەها ڕایگەیاند کە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناردنی 200 ملیار دینارەکە لە لایەن نوێنەران و بەرپرسانی کوردەوە زیاتر ئەجێندای حیزبی هەیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە سەر پشکی پارتی تا ئێستا بە چەند جارێک ڕایگەیاندبوو کە تا کۆتایی مانگ بەغدا پارەکە ڕەوانەی هەرێم دەکات./.