سەرۆك کۆماری عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتی خۆی بۆ پاراستنی گەلانی لوبنان و فەڵەستین لەئەستۆبگرێت
(0) /
ڕوانگە - دکتۆر لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك کۆماری عێراق، پێشوازیکرد لە پاتریارك مار ئیگناتیۆس یوسف سێیەم یونان پاتریارکی کاسۆلیکی سریانی ئەنتاکی لە جیهان و ژمارەیەك مەتران کرد بە ئامادەبوونی رامی جۆزێف ئاغاجان سەرۆکی دیوانی ئەوقافی ئایینەکانی مەسیحی و ئێزدی و سابیئەی مەندائی.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-10-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانیکردن لە براکان لە لوبنان و فەڵەستین و هاوکاریکردنیان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سەختیان و روبەڕوبونەوەی دەستدرێژیی دوژمنکارانە دوپاتکردەوە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش کرد بەرپرسیارێتی خۆی بۆ پاراستنی گەلانی لوبنان و فەڵەستین لەئەستۆبگرێت. هەروەها سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کارکردنی هاوبەش بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندن و فراوانبوونی جەنگ، کە کاریگەری لەسەر چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکان و کارکردن بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لەنێوان عێراقییەکاندا. هاوکات پەلاماری تیرۆریستی بۆسەر کڵێسای سەیدە نەجات وەبیرهێنایەوە و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد بەبۆنەی ساڵیادی ئەو پەلامارەوە.
لای خۆیەوە پاتریارك مار ئیگناتیۆس یوسف سێیەم یونان پاڵپشتی خۆی بۆ پێشنیارەکانی سەرۆك کۆمار دەربڕی و پشتیوانی بۆ چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو عێراقییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزی لە روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان دوپاتکردەوە. هاوکات هەڵوێستەکانی عێراقی بۆ پشتیوانی لە هەردوو گەلی لوبنان و فەڵەستین بەرزنرخاند.
تێبينيێك بنێرە: