سبەی لە کوێ پشووە و لە کوێ پشوو نییە؟

(0) / / كوردستان / ڕوانگە پشوو باران لافاو


Nov 02, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بەهۆی "ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین" کە چاوەڕوان دەکرێت لە سبەیەوە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، سبەی لە کەرکووک و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی خوێندن کرایە پشوو.
 
سبەی لە پەروەردەکانی پێنجوێن، شارەزوور، شارباژێڕ، کەرکووک و پارێزگای هەڵەبجە لە ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە، هەروەها لە سنووری قەزاکانی پشدەر و بیتوێن لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە باخچەکانی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتییەکان پشووە، وەزارەی خوێندنی باڵاش دەڵێت، " لە کاتی پێویستدا زانکۆکان دەتوانن دەوام رابگرن."
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە سنووری پارێزگای کەرکووک کە بەهۆی لافاوەوە ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا، بەهەمان شێوە سبەی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.
 
پارێزگای هەڵەبجە 
 
پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە، "لە پێناو سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکاران، سبەی لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن پشووە".
 
پارێزگای هەڵەبجە ئەمشەو رایگەیاند "پاش راوێژ لەگەڵ پارێزگار، لەپێناو سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکاران بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سبەی (یەکشەممە 3-11-2024) لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان پشووە."
 
پارێزگای کەرکووک
 
هاوکات پارێزگای کەرکووک رایگەیاند "بە پشتبەستن بە راپۆرتی کەشوهەوا و لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ لە سەرتاسەری پارێزگای کەرکووک، سبەی لە ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە."
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو پارێزگای کەرکووک رایگەیاند "رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک فەرمانی به بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکووک کرد سبەی، دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتی، ناوەندی و دواناوەندییەکان لە سەرتاسەری کەرکووک رابگیرێت، جگە لە خوێندکارانی تاقیکردنەوەکانی خولی سێیەم."
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە؛ "پارێزگار فەرمانیشی كرد بە راگرتنی دەوامی فەرمی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و ئەهلییەکان، لەپێناو سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویستمان."
 
پارێزگای هەولێر
 
بەڵام پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، "هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەوەی سبەی بکرێتە پشوو." راشیگەیاند، سبەی لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەوام ئاساییە.
 
پارێزگای هەولێر ئەمشەو رایگەیاند "هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دڵنیادەکەینەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە و تیمەکانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ رێگریكردن لە روودانی هەر حاڵەتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی، پشتیوان بە خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت دەبن."
 
هەروەها دەڵێ "سەبارەت بە پشووی سبەی، وەک پارێزگای هەولێر، هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینین تاوەکو بەیانی (یەکشەممە، 3-11-2024) بکرێتە پشوو، هەموولایەک ئاگاداردەکەینەوە بەیانی لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەوام ئاساییە و پشوو نییە."
 
ئیدارەی راپەرین
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن رایگەیاند، "دوای گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز قایمقامی قەزای پێنجوێن، لەپێناو سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکاران، بڕیارماندا بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سبەی یەکشەممە 3-11-2024، لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرێتیمان پشوو دەبێت."
 
قەزای شارباژێڕ
                          
هەروەها سبه‌ی له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانی خوێندنی سنووری په‌روه‌رده‌ی شارباژێڕ پشووه‌.
 
ئەمشەو پەروەردەی قەزای شارباژێڕ لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ قایمقامی قه‌زای شارباژێڕ و ره‌چاوکردنی سرووشتی شارباژێڕ و له‌پێناو پاراستنی گیانی مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، قوتابیان و خوێندکاراندا، سبه‌ی له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانی خوێندن پشوو ده‌بێت."
 
قەزای شارەزوور
 
نەبیل حەمەساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای شارەزوور رایگەیاند، "لەبەر نەگونجانی کەشوهەواو سەلامەتیی گیانی مامۆستایان، خوێندکاران و منداڵان و پشتبەستن بە پێشبینیی کەشناسی، پاش وەرگرتنی رای بەڕێز قایمقامی قەزای شارەزوور و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا سبەی لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشوو."
 
قەزای سەیدسادق
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سەیدسادق رایگەیاند، "دوای گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز قایمقامی قەزای سەیدسادق، لەپێناو سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکاران، بڕیارماندا بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، سبەی (یەکشەممە) پشوو دەبێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن."
 
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان
 
هەروەها لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو بەڕێوبەرایەتی گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان رایگەیاند، "سبەی بەپێی پێشبینیی کەشوهەوا، ئەگەری دروستبوونی لافاو، بۆ سەلامەتی گیانی منداڵان و سوودمەندان لە دایەنگە حکومی و ناحکومییەکان و پەیمانگە و سەنتەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە قەزاکانی کەلار، کفری، خانەقین و ناحیەی رزگاری، پشوو رادەگەیێنین."
 
خوێندنی باڵا: سەرۆکی زانکۆکان سەرپشکن بۆ راگەیاندنی پشوو
 
ڕوانگە - عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی خوێندنی باڵا بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بوومەلەرزەزانیی هەرێمى کوردستان کە هۆشداریی داوە لەبارەى شەپۆلێکى بارانبارینى بەلێزمە و هەورەبرووسکە، لە هەردوو کەرتى گشتى و تایبەت، لەسەر فەرمانى د. ئارام محەمممەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە رەچاوکردنى بارودۆخى کەشوهەواى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان، دەسەڵات دەدرێتە سەرۆک زانکۆکان بۆ ئەوەى لە کاتى پێویست دا دەوام رابگرن."
 
بەپێی ئامارێکی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، رادەی بارانبارین لە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی ئەمشەو لە پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە:
 
هەولێر:  2.6 ملم
سلێمانی:  9 ملم
كەركووک:  18.2 ملم
هەڵەبجە:  4 ملم
پیرمام: 19.1 ملم
چەمچەمال:  9.4 ملم
شەمامك:  دڵۆپ دڵۆپ
سۆران:  3 ملم
خەبات:  14.4 ملم
هەڵشۆ:  1.6 ملم
پێنجوین:  6.2 ملم
چۆمان:  10 ملم
ئاكرێ:  1 ملم
بازیان: 5.4 ملم
دەربەندیخان:  6 ملم
حاجی ئۆمەران:  7 ملم

سەرچاوە: ڕووداو