گەرمیان؛ پرۆژەی گەیاندنی ئاوی ڕووباری سیروان بۆ ناحێی پێباز دەستیپێکرد
(0) /
ڕوانگە - کارکردن لە پڕۆژەی گەیاندنی ئاو لە ڕووباری سیروانەوە بۆ ناحیەی پێباز بەدەوامی هەیە و بەڕێوەبەری ناحیەکەش ڕایدەگەیەنێت:" بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە ناحیەکە بەیەکجاری ڕزگاری دەبێت لە کێشەی دابەشکردنی ئاو."
عەدنان عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ناحێی پێباز،بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" سەرەتای هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پاڵاوگەی ئاوی ناحێی پێباز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2017 بۆ 2018 ، بەڵام ئەوکات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە ئەو دەرخستەیەی کە بۆی کرابوو ناچاربوین دووبارە پێداچونەوەی پێدا بکەین و دواتریش بەهۆی نەبونی نەختینە لە بانکەکاندا بەڵێندەرەکان ئامادەنەبون ئەو پرۆژەیە وەربگرن."
وتیشی:" خۆشبەختانە دواجار بەنوسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی شارەوانی کرا کە بەشێوەی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیانەوە پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت و دواتر لە وەزارەتی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانیەوە ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکە درا و ئێستا بەشێوەی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری گەرمیانەوە پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت."
بەڕێوەبەری ناحێی پێباز، ڕونیشیکردەوە:" لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا و لەئێستادا کارکردن تیایدابەردەوامە،ئاماژەی بەوەشکرد: ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە 150 ڕۆژە و بەشێکی زۆری پرۆژەکە تەواوبووە و ئومێد دەکەین پرۆژەکە لەکاتی خۆیدا تەواوببێت و بخرێتە خزمەتی دانیشتوانەوە."
عەدنان عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ناحێی پێباز، ئاشکرایشیکرد:" بەپێی لێکدانەوەکانی ئەندازیارانی سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان به تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە گرفتی دابەشکردنی ئاو لە ناحیەکەدا بە یەکجاری کۆتای دێت، چونکە ئەو پرۆژەیەی کە لەڕابردوودا بوونی هەبوو زۆرجار لە زستاناندا بەهۆی باران و لافاوەوە نەدەتوانرا ئاوبدرێت بە ماڵان و لە هاوینانیشدا بەهۆی دورکەوتنەوە و کەمبوونەوەی ئاوەکەوە دیسانەوە گرفتی دابەشکردنی ئاو دروست دەبوو، بۆیە چاوەڕێ دەکەین بەتەواوبوونی ئەم پرۆژەیە ئەو گرفتە بەیەکجاری کۆتای پێبێت."
عەدنان عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ناحێی پێباز، باسی لەوەشکرد:" ئەم پرۆژەیە بەدوو قۆناغ جێبەجێدەکرێت و قۆناغی یەکەمی بە گوژمەی ١ ملیار و ١٣٣ ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێت و قۆناغی دووەمیش ١ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینارە،"
تێبينيێك بنێرە: