کۆمپانیایەکی چینی پاس بۆ هێڵەکانی ناو شاری سلێمانی دابیندەكات
(0) /
ڕوانگە - ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای راگەیاندنی پرۆژەکەیان بۆ گۆڕینی پاسی هێڵی گەڕەکەکان، کۆمپانیایەکی چینی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی پاسی کوالێتیی بەرز و گونجاو بۆ هاتوچۆکردن لە ناو شار و گەڕەکەکاندا.
دەشڵێت، ئارام بابان، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەمڕۆ پێشوازیکرد لە عەبدولنور وانغ، بەڕێوەبەری فرۆشتنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆمپانیای ژونگ تونگ، بۆ دابینکردنی پاس.
باس لەوەشدەکات، لە کۆبوونەوەکەدا ئارام بابان، رایگەیاند، لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک هێڵی گواستنەوەی ناوخۆیی گەڕەکەکانمان هەیە کە رۆژانە هاونیشتمانیان دەگوازنەوە، هەندێک لەو پاسانە کۆنبوون و توانای کارکردنیان وەک پێویست نییە، لەڕووی ژینگەیشەوە لەگەڵ ستانداردی جیهانیدا نین هەربۆیە دەمانەوێت ئەو پاسانە بگۆڕدرێن بە پاسی مۆدێل بەرز و دۆستی ژینگە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، کۆمپانیا چینییەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بە دابینکردنی پاسی گونجاو بۆ پرۆژەکە و لەڕووی نرخیشەوە هاوکاریی تەواوی پرۆژەکە دەبن.
تێبينيێك بنێرە: