بەهۆی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەواوە ڕیتمی بارانبارین بەشێوەیەکی گشتی گۆڕاوە
(0) /
ڕوانگە ـ لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لە بارەی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا و کاریگەری ئەو گۆڕانکاریانە لەسەر جیهان و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە، ڕایگەیاند: ئێمە ئێستا لە سەردەمی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەواداین، وە گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی بەشێوەیەکی فراوان کاریگەری کردۆتەسەر دۆخەکانی ژینگە و بەتایبەتی لەڕووی کەشوهەواوە، وە ئەو گۆڕاکاریانە بەشێوەیەکی خراپ کاریگەری هەیە لەسەر ناوچەکانی جیهان بەگشتی، وە بەتایبەتی ئێمە تاڕادەیەک لە چەندساڵی ڕابردوودا هەستمانکردووە کە کاریگەریشی کردۆتەسەر هەرێمی کوردستانیش.
وتیشی: ئەگەر سەیری داتاکانی ڕابردوو بکەین لە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەوا تاڕادەیەک دەبینین ڕێژەی دابارین و ڕێژەی بەهەڵم بوون و پلەکانی گەرما زۆر نزیکن لەیەکدییەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەواوە دەبینین ڕیتمی بارانبارین بەشێوەیەکی گشتی گۆڕاوە.
دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە،ڕونیشیکردەوە: لە ڕابردوودا لەماوەی چەند مانگێکدا ١٠٠ملم باران دەباری، بەڵام ئێستا لە هەندێک ساڵدا لەماوەی کاتژمێرێکدا ٧٠ملم باران دەبارێت یاخود لەماوەی سێ ڕۆژدا ١٠٠ملم باران دەبارێت کە ئەمەش جۆرێکە لە گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا تەنانەت ئەگەر سەیری داتاکانی ڕابردوو بکەین ئەو ناوچانەی کەنزیک بون لە یەکدییەوە ڕێژەی دابارین و بەهەڵم بوون و گەرم بوون و پلەکانی گەرمی نزیک بوون لە یەکدی، بەڵام ئێستا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوانیاندا، بۆنمونە لە کەلار لەماوەی سێ ڕۆژدا زیاتر لە ١٠٠ملم باران باریوە، بەڵام لە کفری یاخود ناوچەیەکی دیکە ٤٠ملم بۆ ٦٠ملم باران باریوە کە ئمە گاپێکی زۆر گەورەیە و یەکێک لەو جیاوازیانەی کە بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە دروست بووە.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە و ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە،باسی لەوەکرد: چارەسەرکردنی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا تەنها بە ناوچەیەک ناکرێت و ئەگەرچی لە ڕابردوودا وەک کێشەیەکی زانستی تەماشادەکرا، بەڵام ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیهانی و کێشەیەکی سیاسی، هەربۆیە ساڵانە سەرۆک وەزیرانی وڵاتان کۆدەبنەوە، چونکە ئەمە پێویستی بە بڕیاری سیاسییە هەموو وڵاتان بەڕێژەیەک بەرپرسن لەسەر گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا و بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتیەکان بەشێوەیەکی خراپ بەتایبەتی ئەمەریکا و چین هەندێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان بەرپرسی یەکەمن لە گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا، بۆیە ئەم گرفتە پێویستی بە چارەسەرکردنی گشتگیرە واتا پێویست دەکات هەموو وڵاتان ئیش لەسەر ئەم پرسەبکەن و بەتایبەت وڵاتە پیشەسازیەکان دەبێت کارلەسەر ئەوەبکەن کە کەمتر گازە گەرمکەرەوەکان بەرهەم بهێنن و بیخەنە بەرگی هەوادا، چونکە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوادروستکردووە.
تێبينيێك بنێرە: