عێراق سوورە لەسەر دەستگیرکردنی دۆناڵد ترەمپ
(0) /
ڕوانگە - نزیکەی چوار ساڵە دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدای پایتەختی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکردووە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە رێز لە بڕیاری دادگا بگیرێت.
رۆژی 3ی 1ی 2020 لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا، هەریەکە لە فەرماندە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرانە ئامانج و تیرۆر کران. ئەو کاتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بوو.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی 07-01-2021 لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دادوەری تایبەتمەند لە دادگای لێکۆڵێنەوەی رەسافە، کە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات، وتەی سکاڵاکارانی وەرگرت، رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2021 رێکارە بەراییەکانی تەواو کرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکرد.
لەوبارەوە محەمەد عەبدولئەمیر عەنووز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 06-11-2024، بەوت، "دادگا بڕیاری خۆی داوە، پێویستە رێڕەوی خۆی وەربگرێت و رێزی لێبگیرێت، بەتایبەتی ئەو پرسە پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە."
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی ترەمپ بۆ عێراق و مامەڵەی بەرپرسانی عێراقی لەگەڵیدا، ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەمە پرسێکی سیاسی، دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلییە، دەکەوێتە سەر بەرپرسانی عێراقی کە تا چەند مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و بڕیاری دادگە جێبەجێ دەکەن، بەتایبەتی رێککەوتن و بەرژەوەندی و پەیوەندی لەنێوان هەردوو وڵات دا هەیە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەوکات ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە بەپێی مادەی 406 بووە لە یاسای سزادانی عێراقی. رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبێت بۆ زانینی بەشداربووانی دیکە لەو تاوانە، جا عێراقی یاخود بیانی بن.
تێبينيێك بنێرە: