دادگایەکی عێراق:  تۆمەتبارانی روداوەکانی سوتاندنی بازاڕەکانی کەرکوک و هەولێر، بێتاوانن

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق کەرکوک


Nov 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ئەو سێ تۆمەتبارەی کە لەماوەکانی ڕابردودا بەتۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک راگیرابون لە ئێستادا بەپێی بڕیاری یەکێک لەدادگاکانی عێراق، بێتاوانن و پێدەچێت لە زوترین کاتدا ئازاد بکرێن.

دوای ئەوەی رۆژی (١ـی تەموزی ٢٠٢٤)،‌ بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا، دەستگیرکردنی (٣) کەسیان راگەیاند بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی کەرکوک و هەولێر، یەکێک لەو کەسانەش (هونەر فەخرەدین ئەحمەد) بو کە گەنجێکی دانیشتوی قەزای کفری بو و لە هێزەکانی (٧٠) پێشمەرگە بو.
ئەو دوو بەرپرسە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیان بەوەدا:" کە ئەو کەسانە بە دەستی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تاوانەکانیان ئەنجامداوە.
بەڵام لە ئێستادا بەپێی نوسراوێکی دادگای ناوەندیی تاوانەکانی سەر بە دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ رەسافە، کە وێنەیەکی دەست پەیامنێری ڕوانگە کەوتووە:"  دادگاکە بڕیاری بێتاوانی بۆ هەریەکە لە: (هونەر فەخرەدین ئەحمەد، محەمەد نەجات حەسەن و سیروان حسێن محەمەدئەمین) دەرکردوە کە تۆمەتبارن بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک، ئەویش بەهۆی بەردەست نەبونی بەڵگەی پێویست.

ئەگەرچی دادگاکە دوێنێ (٥ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٤) بڕیارەکەی دەرکردوە، بەڵام هێشتا تۆمەتبارەکان کە ماوەی نزیکەی (٦) مانگە راگیراون، ئازاد نەکراون.

لە دەقی بڕیارەکەی دادگای ناوەندیی تاوانەکانی سەر بە دادگای تێهەڵچونەوەی بەغداد/ رەسافە، ئاماژە بەوەدراوە بەڵگەی پێویست لەبەردەستتدا نەبوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ تۆمەتبارەکان، هەربۆیە بڕیاری ئازادکردنی داون.