سەرۆك کۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە تورکیا عێراق


Nov 06, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید، پێشوازیکرد لە  بەڕێز ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە عێراق.

لە دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 6-11-2024 لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندیی دوو قۆڵیی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و میکانیزمی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیانە کرا و هاوکات دۆخی ناوچەکە و پێشهات و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین و لوبنان تاووتوێکرا.

سەرۆك کۆمار داوایکرد لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەهێزبکرێت و دیالۆگ بکرێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی هەوڵی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و سەقامگیری و درێژەدان بە هەماهەنگیەکان بە ئامانجی دورخستنەوەی ناوچەکە و گەلانی ناوچەکە لە لێکەوتە نەرێنییەکانی بەردەوامیی پەلامارەکانی زایۆنی.

لای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاری هاوبەش لەگەڵ عێراق نیشاندا و ڕوونیکردەوە، کە ڕەوتی ئەو پەیوەندیانە لە زۆر لایەن و بواردا پەرەسەندنی ئەرێنیی بەدیهێناوە .