ژمارەیەكی زۆر لەتوشبوانی شێرپەنجە لەهەموو ناوچەكانی عێراقەوە دێنە نەخۆشخانەی هیوا
(0) /
ڕوانگە - د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو شەش هەزارو 442 كۆدی گشتیی لەنەخۆشخانەی هیوا كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزارو 356 حاڵەتی شێرپەنجەیی بوە.
وتیشی:" لە 10 مانگی ئەمساڵیشدا، پێنج هەزارو 866 كۆدی گشتی كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزارو 151ی حاڵەتی توشبون بەشێرپەنجە بوە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتیی ئەمساڵو ساڵی ڕابردوو ئامارەكان نزیكن لەیەكەوە.
د. یاد نەقشبەندی، ڕەتیشیكردەوە، سلێمانی بوبێتە چەقی توشبون بەشێرپەنجە، "ئامارەكە هەموی هی سلێمانی نییە، بەڵكو هی هەموو ناوچەكانی ترو عێراقیشی تێدایە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لەتوشبوانی شێرپەنجە لەهەموو ناوچەكانی ترەوە دێنە نەخۆشخانەی هیوا".
د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ئاماژەی بەوەشکرد:"ماوەیەكی زۆرە زەوییەكی 12 دۆنمی لەهەواری شار بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە تەرخانكراوە، بەڵام تائێستا بڕیاری دروستكردنی نەدراوە، بۆیە بەپێویستی زانی بەزوترینكات لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بێنە سلێمانیو هەنگاوەكان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێبكەن".
تێبينيێك بنێرە: