سەرۆك کۆمار رێزلێنان پێشکەش بە کۆمەڵێك قوتابی نایاب له بێسەرپەرشتان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات
(0) /
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید رۆژی پێنجشەممە 7-11-2024 لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبونی د. ئیبراهیم نامس ئەلجبوری وەزیری پەروەردە، رێزلێنانی پێشکەش بە کۆمەڵێك قوتابی نایاب لە بێسەرپەرشتان و خاوەن پێداویستی تایبەت لە سەرجەم پارێزگاکان کرد.
لە کاتی پێشوازیکردنیاندا، سەرۆك کۆمار ستایشی قوتابیەکان و ئاستیانی کرد، کە سەرەڕای هەلومەرجی تایبەتیان، پلەی نایابیان بەدەستهێناوە. هەروەها ستایشی کادرانی پەروەردە و دڵسۆزییانی کرد لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەکادیمی بەرچاو و ئامادەکردنی نەوەیەك، کە زانست و داهێنان و پێشکەوتنی خۆشبوێت.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر گرنگیپێدان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بە قوتابییەکان و یارمەتیدانیان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەی روبەڕویان دەبێتەوە، هەروەها سوپاسی خانەوادەکانیانی کرد، کە بارگرانییەکی زیاتریان لە ئەستۆگرتوە لەپێناو رەخساندنی ژینگەی خوێندن و فێرکردن. ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو ئاستە نایابەیان خاڵی دەستپێکە بۆ بەهێزکردنی بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سودوەرگرتن لە توانا و لێهاتووییان. هەروەها بەڕێزیان گفتوگۆی لەگەڵ قوتابییەکان کرد سەبارەت بە کاروانی خوێندن و ئامانجی ئەکادیمییان لە داهاتودا.
لە بەرامبەردا وەزیری پەروەردە و خانەوادەی قوتابییەکان، سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو ئاوڕلێدانەوە میهرەبانانەیەی بەڕێز سەرۆك کۆمار و جەختیانکردەوە، کە بەدەستهێنانی پلەی نایاب بەرهەمی هەوڵی هاوبەشی خێزان و قوتابخانەیە و سورن لەسەر بەردەوامیدان بە سەرکەوتن.
تێبينيێك بنێرە: