نزیکەی 2500 کەس لە شارەزور توشی پەتا بون
(0) /
ڕوانگە - نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزور رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: پەتاکە مەترسیدار نییە، بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس لە قەزاکە توشی پەتای سکچون و رشانەوە بون.
لە رونکردنەوەکەی نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ-ـدا هاتوە، ئەو پەتای سکچون و رشانەوەی بڵاوبوەتەوە مەترسیدار نییە، نەخۆش بە وەرگرتنی چەند چارەسەرێکی سەرەتایی دۆخی جێگیر دەبێت و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
دڵنیایش دەداتە هاوڵاتییانی سنورە، ستاف و دەرمانی پێوست لە بەردەستدایە و دەتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی لە نەخۆشخانەکە هەیە زۆرینەی هاوەڵی نەخۆشە.
ئەوەش هاتوە، هاوڵاتییان دەتوانن بە جێبەجێکردنی رێنماییەکی خۆپارێزی و دەستشتن و بەکارنەهێنانی ئاوی تەنکی ماڵەکانیان بۆ خواردنەوە لەم چەند رۆژەدا پەتاکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند تیمێکی تەندروستی لێکۆڵینەوەکانیان لە هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەو پەتایە دەستپێکردوە، هەم لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە هەم لە نەخۆشخانەکان، پشکنینەکانیش ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری بەکتریاکە.
تێبينيێك بنێرە: