مەسرور بارزانی: سودانی پێیڕاگەیاندوین کە سەقامگیریی سیاسی هەرێمی کوردستان، بنەمایەکی گرنگیی سەقامگیریی هەموو عێراقە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە مەسرور بارزانی هەرێمی کوردستان


Nov 14, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - لە میانەی کۆبونەوەی دوێنێی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  محەممەد شیاع  سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نابێت پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە سیاسی بکرێت.
 
مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:" سودانی پێیڕاگەیاندوین کە سەقامگیریی سیاسی هەرێمی کوردستان، بنەمایەکی گرنگیی سەقامگیریی هەموو عێراقە، هەروەها جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ."
 
بارزانی ئەوەشی خستۆتەڕوو:" کە لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆمان لەبارەی  کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرد، هەروەها سەبارەت بە پرسی موچەش  جەختمان لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاشکرایشیکرد:" دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش، جەختمان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کردەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت.هەروەها تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانمان، تایبەت بوو بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، لەمبارەیەوە، هاوڕابووین لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە بۆ مەبەستی گەشەپێدان، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە.