ڕیزبەندی بەهێزترین و کاریگەرترین پاسپۆرتەکانی جیهان

(0) / / ڕاپۆرت / عێراق


Jul 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

پاسپۆرتی عێراقی لە ڕیزبەندی پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان لە ڕووی بەهێزی و کاریگەرییەوە بۆ خاوەنەکانی و سەردانیکردنی وڵاتانی دیکەی جیهان بە بێ وەرگرتنی ڤێزە لە پلەی 198 دایە.

زانیارییەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاریی کۆچکردن بە ناوی Henley Partners Co ئاشکرای کردووە کە پاسپۆرتی ژاپۆن لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی پاسپۆرتی جیهاندایە و خەڵکەکەی دەتوانن بە پاسپۆرتی وڵاتی خۆیان و بە بێ ڤێزە سەردانی 193 وڵاتی جیهان بکەن.

پاسپۆرتی سەنگافورە بە موڵەتی سەردانیکردنی بێ ڤێزە بۆ 192 وڵات لە پلەی دووەم، کۆریای باشور و ئەڵمانیا بە موڵەتی سەردانیکردنی بێ ڤێزە بۆ 191 وڵات لە پلەی سێهەم و ئیتالیا، فینلەندا، ئیسپانیا و لۆگزامبۆرگ بە موڵەتی سەردانیکردنی بێ ڤێزەی 190 وڵاتی جیهان لە پلەی چوارەمدایە.

پاسپۆرتی دانیمارک و نەمسا بە موڵەتی سەردانیکردنی بێ ڤێزەی 189 وڵات لە پلەی پێنجەمی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهاندایە.

لە نێو وڵاتانی عەرەبی، ئیمارات لە پلەی یەکەم و پلەی 15 ی جیهاندایە و خەڵکەکەی دەتوانن بە پاسپۆرتی خۆیان سەردانی 175 وڵاتی جیهان بکەن.

قەتەر لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبی و پلەی 59 ی جیهاندایە، کوێت لە پلەی سێهەمی وڵاتانی عەرەبی و پلەی 60 ی جیهاندایە، هەروەها بەحرەین لە پلەی چوارەمی عەرەبی و پلەی 68 ی جیهاندایە.

ئەفغانستان لە پلەی کۆتایی ڕیزبەندییەکەدایە و خەڵکەکەی بە بێ ڤێزە تەنیا دەتوانن سەردانی 26 وڵات بکەن. عێراق لەو ڕیزبەندییەدا تەنیا لە پێشەوەی ئەفغانستانە و خەڵکەکەی دەتوانن بە بێ ڤێزە سەردانی 28 وڵات بکەن.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە ئەم پێوەرە 199 پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان و 227 ئامانجی جیاجیای گەشتیاری و سەردانیکردن لە خۆ دەگرێت و لە ڕیزبەندییەکەدا سنورداربوونی گەشت و قەدەغەی هاتووچۆ بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرچاو گیراوە./.