ڕووداوەکانی تونس و کۆتایی بەهاری عەرەبی؟

(0) / / وتار / ئەبوبەکر کاروانی


Jul 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەبوبەکر کاروانی

ئەوەی ئێستا لە تونسدا ڕوودەدات، بڕیاربوو لە ساڵی 2013 ھاوکات لەگەڵ کودەتاکەی میسردا ڕووبدات. بەڵام، سازش و مانۆڕەکانی نەھزە لەو کاتەو ھەندێك لە،سروشتی دەوڵەت و سوپای تونس کارێکیان کرد، پڕۆژەی کۆتاییھێنان بە ئەزمونی دیموکراسی لەو وڵاتەدا، لەلایەن ھەندێ وڵاتی کۆنەپەرستی ھەرێمەکەو ھێزی ناوخۆو پاشماوەی ڕژێمی پێشوو لەو کاتەدا سەرکەوتوو نەبێت.

ئەو کاتە مونسیف مەرزوقی سەرۆك کۆماری پێشوو تێکۆشەرێکی بواری مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسخوازی و بەرگریکار لە شۆڕشەکانی ناوچەکە، ھوشیاری بە نەھزەدا کە زیاد لە پێویست نەرمی دەنوێن و سازش دەکەن و شۆڕشگێڕانە مامەڵەناکەن، بەمەش خۆراك دەدەن بەو حوتەی دوایی ھەڵیاندەلوشێت چونکە قۆناغی ڕاگوزەری دوای شۆڕش عەقڵ و ئیرادەی شۆڕشگێرانە دەخوازێت، دەنا شۆڕش بە ناکامڵی دەمێنێتەوەو دەرفەت بۆ ھێزە دژە شۆڕشەکانیش دەڕەخسێت سەرلەنوێ لە ژێر ناوی نوێدا خۆیان ڕێکبخەنەوەو بە دروستکردنی کێشە لە ھەوڵی ئەوەدا بن بەشێ لە خەڵك ئاوات بە قۆناغی ڕابردوو بخوازن.


بەشێ لە کێشەی ھێزە پاشخان ئیخوانەکانی ناوچەکەش کە ئەرکی پێشەنگی قۆناغی ڕاگوزەریان لە زیاد لەوڵاتێکدا کەوتە ئەستۆ، لە ئیسڵاحی بوونی بیرکردنەوەیاندا خۆی دەبینێتەوە، لەکاتێکدا قۆناغی ڕاگوزەری دوای شۆڕش عەقڵ و ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانەی یەکلاکەرەوەی سیاسی دەخوازێت. ھەر بۆیە، لە بەرژەوەندی خۆیان و شۆڕشەکان بوو ئەوان بەو عەقڵیەتەو ئەو ڕەتکردنەوە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە گەورەی دژیان لە ئارادایە، لە پێشەوەی دیمەنەکە نەبوونایە؟ 

بە ھەر حاڵ، ئێستا نەھزەو ئەزمونی دیموکراسی تونس وەك دوا قەڵای بەھاری عەرەبی لە بەردەم ھەڕەشەی ڕوخاندن و لەناوبردن و سڕینەوەدان؟ ھاوکێشەکەش بە کورتی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەو جۆرەیە: قەیران دروستبکە، پەشێوی بنێرەوە، لەسەر بناغەی ئەوانیش دۆخێکی نائاسایی بێنەکایەوەو داواکاری سیاسی ساختە دروست بکە، ئیسلامییەکان بکەرە ئامانج و لێپرسراوێتیان بخەرە ئەستۆ، لە پێناو کودەتا کردن بەسەر دەستور و ئاکامەکانی شۆڕش و ڕێوشوێنە دیموکراسیەکاندا؟!

واتە ئامانج لێدانی ئەزمونە دیموکراسیەکانە لە ڕێی لێدان لە ئیسلامییەکانەوە، چونکە ئەزمونی ناوچەکەو سروشتی کودەتاش پێمان دەڵێن؛وەدەرنانی ئیسلامییەکان لە گۆرەپانی سیاسی یەکسانە بە،کۆتایی ھێنان بە ئەزمونە دیموکراسیەکان. خیانەتی بەشێ لە ھێزە سیاسیە عەلمانییەکانیش لەم وڵاتانەدا لێرەوە دەردەکەوێت کە ئامادەن لە پێناو دوورخستنەوەی ئیسلامییەکان لە دەسەڵات و گۆڕەپانی سیاسی، پشتیوانی لە فۆرمە جیاوازەکانی کودەتا بکەن و قوربانی بە کۆی ئەزمونە سیاسیە دیموکراسیەکە بدەن و بەشداری لە گێڕانەوەی ستەمکاری و کوشتنی ژیان و ئازادی سیاسی لە وڵاتەکانیاندا بکەن؟!!

تاکتیکەکان لە تونسیش، بەشی زۆریان ھەمان تاکتیکی کودەتاکەی میسرن بە ھەندێك دەستکارییەوە کە لەگەڵ دۆخی تونسدا گونجاوبن. چارەنوسی کۆتایی ئەم کودەتا تائێستا سپیەش، کاریگەری لەسەر ئاراستەدان بە ڕووداوەکان لەسەر ئاستی تونس و تێکڕای ناوچەکەدا دەبێت. ئەوە دەخاتە ڕوو، داخۆ لەم گەڕەی ململانێکاندا، بەرەی دژە شۆڕش و دیموکراسی، سەرکەوتنی ستراتیژی خۆی تۆماردەکات، یاخود لە یەکەم وڵاتی کڵپەسەندنی شۆڕشەکانەوە، سەرەتای ھەڵوەشانەوەی پیلانەکانی ئەو بەرە دەستپێدەکات؟

بەشێ لەمەش پەیوەندی بەوەوە ھەیە نەھزە لە گۆرەپانەکە تەنیا نەکەوێت، ھەمان ئەزمونی ئیسلامییەکانی میسر یش لە دوای کودەتا دووبارە نەکاتەوەو ماناو مەودایەکی فراوانتر بە خەباتی مەدەنی بدات./.