میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری دەکرێت

(0) / / ئەمەریکا / برێت مەکگۆرک


Aug 07, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوەیەکی سەربازی لە عێراق ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە برێت مەکگۆرک نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ دیاریکردنی میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە سەردانی بەغدا بکات.

لێژنەی سەربازیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق کارەکانی دەست پێدەکات و هەر دوو لا بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامی وتووێژی ستراتیژی نێوانیان ئامادە دەبن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند کە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ دیاریکردنی میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانیان سەردانی بەغدا دەکەن.

ئەگەرچی لە ڕۆژانی ڕابردوو باس لەوە دەکرا کە ئەمریکا هەر دوو بنکەی سەربازی هەریر و عەین ئەسەد دەباتە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، بەڵام سەرچاوە عێراقییەکە ڕایگەیاند کە نەخشەی جێگیربوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناتۆ گۆڕانکاریی بە سەردا ناکرێت و ئەو دوو بنکە سەربازییە درێژە بە ئەرکەکانیان بۆ هاوکاریکردنی سوپای عێراق لە ڕووی ئاسمانییەوە دەدەن./.