فەیسبوک هەندێک ڕێوشوێن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دادەنێت

(0) / / ئاسیا / عێراق


Aug 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک سیاسەتی نوێی خۆیی بۆ عێراق ڕاگەیاند، سیاسەتێک کە بە ئامانجی شەفافییەت و ڕێکخستنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لەم وڵاتەیە.

هاوکات لە گەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک سیاسەتی نوێی خۆیی بۆ ئەم وڵاتە ڕاگەیاند و لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە مانگی ئابەوە بڵاوبوونەوەی هەر بانگەشە و ڕێکلامێکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت بچێتە پرۆسەی پەسەندکردنی لە لایەن فەیسبوکەوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەر بانگەشەی کاندیدێکی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە فەیسبوک دەبێت لە لایەن ئەو کەسەوە بێت کە ناسنامەی بە کارتی نیشتمانی پەسەندکراوی حکومەتی ئەم وڵاتەوە پشتڕاست کرابێتەوە.

فەیسبوک بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تەنیا بۆ ئەو کەسانە بە ڕێگەپێدراو زانیوە کە لە ناوخۆی عێراقدا بن.

بەیاننامەکەی فەیسبوک ڕایگەیاندووە کە سەرجەم پۆستەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرشیڤ دەکرێن تا هەمووان بتوانن بیبینن و ئەرشیڤەکەش بۆ ماوەی حەوت ساڵ دەمێنێتەوە./.