بەرهەم ساڵح: کێشەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بچووک نین

(0) / / ئاسیا / بەرهەم ساڵح


Aug 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە کە نابێت کێشە و بەربەستەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەم وڵاتە بە بچووک دابنرێن.

بەرهەم ساڵح لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی یادی عاشورا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ گەلی عێراق، یادەکەی بە بنەمایەک بۆ چاکسازی ڕاستەقینە لە پێناو بونیادنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزاری خەڵک ناو برد و وتی کە عێراق پێویستی بە چاکسازی بەربڵاو هەیە.

ناوبراو سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر وتی کە کۆی ئەو کێشە و بەربەستانەی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکان جێی نیگەرانین و نابێت بە بچووک دابنرێن و دەبێت بە جیدی هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت.

سەرۆک کۆماری عێراق وتی کە هەڵبژاردنەکان ڕێگای درووست و ئاشتیانەی گۆڕانکاری و دەرچوونە لە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی وڵات و هەنگاونان بەرەو حکومەتێکی شیاو و بەتوانا کە بەرگری لە مافی هاووڵاتیان بکات و ئامانجەکانی ئەوانیش بەدی بێنێت.

بەرهەم ساڵح وتی کە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە و ئەمەش بەڵێنێکە کە بە خەڵکمان داوە و بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین./.