پارتی داوایەکی لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی کردووە و ڕەتیشکراوەتەوە

(0) / / كوردستان / شێخ نەهرۆ کەسنەزانی


Oct 06, 2021

قەبارەی فۆنت:

تەکیەی شێخ نەهرۆ محەممەد کەسنەزانی ڕایگەیاندووە کە شاندێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هاتوونەتە لایان و بە ڕاسپاردەی مەسعود بارزانی داوای ئەوەیان کردووە دەنگی بخاتە پاڵ دەنگی ئەوان.

تەکیەی کەسنەزانی لە سەر ئەو کۆبوونەوە ڕاگەێندراوێکی فەرمیی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی محەممەد مەحمود وتەبێژ و عارف تەیفور ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەردانی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانییان کرووە.

لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە شاندەکەی پارتی داوایان کردووە کە بانگەشەیان بۆ بکرێت و دەنگی سەرۆکی تەریقەتی قادرییان لە گەڵ بێت بەڵام شێخ نەهرۆ وەڵامی داوەتەوە کە تەریقەتی قادری بە یەک چاو سەیری سەرجەم لایەنەکان دەکات و پێی باشترە کە ئەو کەسانە هەڵبژێرێن کە خزمەتی خەڵک دەکەن.

بە پێی ئەو ڕاگەێندراوە، شێخ نەهرۆ بە شاندەکەی پارتیی ڕاگەیاندووە کە خەڵک لەوان نیگەرانن و دەبێت ئاشت بکرێنەوە و بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هێنانەدی ئامانجەکانیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ئەوان، ڕەزامەندی خەڵک بە دەست بێنن./.