وڵاتانی عەرەبی ڕوو لە کڕینی درۆنە سەربازییەکان دەکەن

(0) / / ڕاپۆرت / سعوودیە


Nov 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بۆ بەهێزبوونی دامەزراوە سەربازییەکانی خۆیان ڕوویان هێناوەتە کڕینی درۆنە پێشکەوتووەکان.

بە ئاشکرابوونی ڕۆڵی کاریگەر و چارەنووسسازی درۆنەکان لە شەڕ و پێکدادانەکان، ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ڕابردوو گرنگییەکی زۆریان بەم بوارە داوە.

بە تایبەت لە پاش هێرشە بەردەوامەکانی گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر خاکی سعوودیە بە درۆن و هەروەها لە شەڕی ئازەربایجان دژی ئەرمینیا، گرنگی بەکارهێنانی درۆنەکان زیاتر لە جاران دەرکەوتووە.

هەروەها وڵاتانی دیکەش وەک ئەمریکا، ئێران و تورکیا وەک ستراتیژێک پەرەیان بە هێزی خۆیان لە بواری درووستکردنی جۆرە جیاجیاکانی درۆن داوە.

ئەمەش وایکردووە کە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش بۆ بەهێزبوونی دامەرزاوە سەربازییەکان ڕوو لە کڕینی درۆنە پێشکەوتووەکان بکەن.

قەتەر

لە 29 ی تشرینی یەکەمی 2021 پێگەی ئەمریکیی NBC ڕایگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە ڕەزامەندیی لە سەر فرۆشتنی ژمارەیەک درۆنی پێشکەوتوو بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار بە قەتەر دەربڕیوە.

ڕاشیگەیاندووە کە قەتەر بەنیازە لە سەردانەکەی مانگی داهاتووی میری ئەم وڵاتە بۆ ئەمریکا، بە فەرمی گرێبەستەکە واژۆ بکات.

بەرپرسێکی ئەمریکیی ئاگادار لە ڕەوتی دانوستانەکان ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە قەتەر دەڕوانێت و ئەمەش وایکردووە کە چەکی پێشکەوتوو بە تایبەت درۆنە سەربازییەکان بەو وڵاتە بدات.

قەتەر لە ساڵی ڕابردوو دانوستانەکانی بۆ کڕینی درۆنەکانی جۆری MQ-9 Rubber لە گەڵ ئەمریکا دەستپێکرد. ئەم درۆنەش پێشکەوتووترە لەوانەی جۆری Predator و توانای هەڵگرتنی بڕێکی زیاتر مادە تەقەمەنییەکانی هەیە و ماوەی گەشتگردنەکەشی زۆرترە.

لە ساڵی 2019، سوپای قەتەر 6 درۆنی جۆری TB2 ی لە تورکیا وەرگرت، ئەم درۆنەش دەتوانێت بۆ ماوەی 25 کاتژمێر بە 100 کیلۆ مادەی تەقەمەنییەوە بفڕێت و شەو و ڕۆژ جیاوازیی بۆی نییە.

سعوودیە

سعوودیە بە هاوکاری ئەمریکا سەرقاڵی گەیشتنە بە درۆنە پێشکەوتووەکان. ئەم پرۆژەش بە هاوکاری ناوەندی مەلیک عەبدولعەزیز بۆ زانست و تەکنۆلۆژیا و کۆمپانیای ئەمریکیی UAVOS جێبەجێ دەکرێت.

ئەم کۆمپانیانە هەوڵی درووستکردنی جۆرێکی نوێی درۆنی Saker دەدەن، ئەم درۆنە لە ئێستادا دەتوانێت بۆ ماوەی 30 کاتژمێر لە بەرزایی 23 هەزار پێ بە خێراییەکی زۆرەوە بفڕێت.

لە 21 ی ئابی ڕابردووش پێگەی دیفنس نیوز ڕایگەیاند کە دوو کۆمپانیای سعوودی ڕێکەوتنێکیان بۆ بەشداری لە پرۆسەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی درۆنەکانی جۆری Sky Guard واژۆ کردووە. ئەم درۆنەش دەتوانێت لە بەرزایی 18 هەزار پێ بفڕێت و هەڵگری کامێرای زۆر پێشکەوتوو و سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنییە.

کۆمپانیای سعوودی بەراق بە هەمان شێوە درۆنە سەربازی و بازرگانییەکان بەرهەم دێنێت.

لە ساڵی 2013 سعوودیە درۆنێکی بەرهەم هێنا کە لە بەرزایی 5 هەزار پێ و بۆ ماوەی 8 کاتژمێر و بە خێرایی 120 کیلۆمەتر توانای فڕینی هەبوو.

هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەدەن کە سعوودیە لە ئایاری 2021 زیاتر لە 2 هەزار درۆنی هەبووە.

لە مانگی ئاداری ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد کە سعوودیە پێشنیاری کڕینی درۆنی بەیرەقداری داوەتە ئەم وڵاتە.

ئیمارات

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ژمارەیەک درۆنی جۆری ڤینگ لۆنگی یەکی لە چین کڕیوە کە لە شەڕەکانی یەمەن و لیبیاش ئەوانی بەکار هێناوە.

لە سەردەمی دەسەڵاتداری ترەمپیش ئەمریکا گرێبەستێکی بۆ فرۆشتنی 18 درۆنی جۆری MQ-9B لە گەڵ ئیمارات واژۆ کرد کە بڕیارە تا چەند ساڵی داهاتوو ڕادەستی ئەم وڵاتە بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، لە ئابی 2021 گۆڤاری ئیسرائیلی گلۆبس ڕایگەیاند کە ئیمارات بۆ چاودێریی دامەزراوە هەستیارەکانی خۆی کەڵکی لە درۆنەکانی جۆری Percepto ی ئیسرائیل وەرگرتووە.

کۆمپانیای ئیماراتیی ئەدکۆم درۆنی جۆری یەبهون یۆنایتێدی 40 بەرهەم دێنێت.

کوێت

لە 16 ی ئەیلولی ساڵی 2019 حکومەتی کوێت ڕایگەیاند کە درۆنێک بە ئاسمانی شاری کوێتدا گەشتیکردووە و ئەمەش وایکرد کە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەم وڵاتە ڕوو لە زیاتربوون بکەن.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەکانی کوێت لە 28 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 هاوردەکردنی هەر درۆنێکی بە بێ موڵەت قەدەغە کرد و جەختیکردەوە کە ئەم بڕیارەش سەرجەم درۆنەکان لە هەر قەبارە و ڕێژە و ژمارەیەکدا دەگرێتەوە.

بە پێی بڕیارەکەش ئەوەی ویستی هاوردەکردنی درۆنی هەیە دەبێت ناو و ناونیشانی لای دەزگا فەرمییەکان تۆمار بکرێت.

لە کانوونی یەکەمی 2019 وەزارەتی ناوخۆی کوێت پرۆژەیەکی 33 ملیۆن دۆلاریی بۆ تێکشکاندنی هەر درۆنێک لە ئاسمانی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند.

سوپای کوێت هیچ درۆنێکی نییە و تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکیش لە سەر بڕیاری حکومەتی کوێت بۆ کڕینی درۆنەکان بڵاو نەبووەتەوە.

عۆمان و بەحرەین

هێزە چەکدارەکانی وڵاتی عۆمان درۆن بە کار ناهێنن و بەکارهێنانی لە ئاسمانی ئەم وڵاتەش ڕوبەڕوی سزایەکی قورس دەبێتەوە.

هاوردەی درۆن لە عۆمان بە بێ موڵەتی دەزگای فڕۆکەوانی ئەم وڵاتە قەدەغەیە و بە تاوان دادەنرێت.

بەحرەینیش لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 هەر جۆرە بەکارهێنان و فڕین و وەبەرهێنان و هاوردە و هەبوون و کڕین و فرۆشتنی درۆنەکانی بە بێ موڵەتی وەزارەتی ناوخۆ قەدەغە کردووە./.