فەرماندەیەکی پێشمەرگە مەترسییەکی گەورە لە سەر کەرکوک ئاشکرا دەکات

(0) / / كوردستان / کەرکوک


Nov 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند کە ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدادی ژمارەیەک زۆر چەکداری هێناوەتە کەرکوک و سەڵاحەدین و دیالە و هێزەکانی داعشی لەو ناوچانە ڕێکخستووە و ژمارەیەکی زۆر لەوانەش شارەزای بواری تەقینەوە و قەناس بە دەستن.

عەمید محەممەد چەوری جێگری فەرماندەی لیوای 144 ی پێشمەرگە لە ناوچەکانی سنوری قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین ڕایگەیاند کە داعش جوڵەیەکی زۆری لە کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە هەیە، بە تایبەت لە دەورەبەری خورماتو و هەندێک جار لە جموجوڵەکاندا ژمارەی چەکدارەکانی دەگاتە 100 کەس.

ناوبراو وتی: چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ئامۆزایەکی ئەبوبەکر بەغدادی بە ناوی حسام کە بە عەبدولڕەحمان ناسراوە، لە گەڵ 17 چەکداری دیکە هاتووەتە خورماتو و ئامانجیشی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی داعش بووە و بۆ ماوەی 10 ڕۆژیش لە ناوچەکە ماوەتەوە.

ئەو فەرماندەی پێشمەرگە وتی کە ئامۆزاکەی ئەبوبەکر بەغدادی هێزەکانی داعشی لەو ناوچانە ڕێکخستووەتەوە و ژمارەیەک شارەزای بواری تەقینەوە و قەناس بەدەستی هێناوەتە سنورەکە./.