بەردەوامی هێرشەکانی داعش لە ناوچە کێشە لە سەرەکان بووەتە جێی نیگەرانی

(0) / / فایلی تایبەت / جەبار یاوەر


Dec 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

هێرشە بەردەوامەکانی ڕۆژانی ڕابردووی داعش بۆ سەر پێگەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کێشە لە سەرەکان، بووەتە جێی نیگەرانی لە هەرێمی کوردستان.

تیرۆریستانی داعش لە ڕۆژانی ڕابردوو چەندین جار هێرشیان کردە سەر ناوچە کێشە لە سەرەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش بەو هۆیەوە شەهید و بریندار بوون.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی کە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوپای عێراق هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و پاشان بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنەوە کە لێی هاتوون.

ناوبراو وتی کە سوپای عێراق تەنیا ئەو ناوچانە دەپارێزێت کە تێیدا بوونی هەیە و ناوچە کێشە لە سەرەکان کە سەردەمێک هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا جێگیر بووە لە ئێستادا بووەتە مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش.

جەبار یاوەر وتی کە پاش کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە و کۆنتڕۆڵکردنی لە لایەن سوپای عێراقەوە، بۆشاییەکی زۆر لە ناوچەیەک بە پانتایی 40 کیلۆمەتر دەبینرێت و تیرۆریستانی چەکدار بە ئاسانی بۆ مەشق و ڕاهێنان و گواستنەوەی چەک و پێداویستی سەربازی بەکاری دێنن.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و پێکهێنانی لیوایەکی هاوبەش لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان هەیە، وتی: بە هۆی دەرنەکردنی فەرمانی پێکهێنان و دابینەکردنی پێداویستییەکان و بودجە و مووچەی هێزەکان، پێکهێنانی تا مانگی تشرینی دووەم دوا کەوت و بە دەرکردنی فەرمانەکە ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەو مەبەستە دیاری کران و ئێستا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانن.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە چەندین هێرشی بەردەوامی داعش لە ڕۆژانی ڕابردوو و شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بووەتە جێی نیگەرانی.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە جێگیر بوون کە هێزە ئەمنییەکانی تێدا جێگیر نەکراوە و بۆ لێدانی ئەو تیرۆریستانە پێویست بە هێرشی ئاسمانی دەکات./.