عێراق و گرێبەستی 100 ملیۆن دۆلاریی سەربازی لە گەڵ تورکیا

(0) / / فایلی تایبەت / تورکیا


Dec 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرچاوە باڵا سەربازییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە پرۆژەی کڕینی درۆنە سەربازییەکانی تورکیا بە ناوی بەیرەقدار بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتەوە پەسەند کراوە.

گرێبەستەکەی نێوان عێراق و تورکیا بۆ کڕینی درۆنەکان بە یەکەم گرێبەستی سەربازیی نێوان ئەم دوو وڵاتە دادەنرێت و تا پێش ئەمەش عێراق چەک و پێداویستی سەربازیی زیاتر لە ڕێگای ڕووسیا، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپاوە دابین دەکرد.

سەرچاوە سەربازییەکانی عێراق بە العربی الجدید یان ڕاگەیاندووە کە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە دوو هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی لە پێناو پڕچەککردنی هێزی ئاسمانیدا پەسەند کردووە، وەک کڕینی درۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی بەهێزبوونی بواری ئاسمانی و دابینکردنی ئاسایشی ناوچە بیابانی و شاخاوییەکان بە تایبەت لە سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا.

ئەوان جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە پرۆژەکە لە سەر پێشنیاری وەزارەتی بەرگری بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووە و ئەگەرێکی زۆرە کە شاندێکی حکومەتی بەغدا لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە لە گەڵ بەرپرسانی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش ژنڕاڵێکی عێراقی بە پێگەی العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە تورکیا ئامادەیی خۆیی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی بەغدا لە شەڕی دژ بە تیرۆر و چاودێریکردنی جموجوڵەکانی داعش بە کەرەستەی تایبەت و پێویست پیشانداوە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە درۆنە سەربازییەکانی تورکیا ناسراو بە بەیرەقدار کاریگەری خۆیی سەلماندووە و گەیشتنی عێراق بەو درۆنانە بە گۆڕانکارییەکی تایبەت لە هێزی ئاسمانیدا هەژمار دەکرێت.

شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتی جومعە عناد وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە، 19 ی مانگی ئابی ڕابردوو سەردانی تورکیای کرد و پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی بەرگریی ئەو وڵاتەی بەسەرکردەوە.

وەزیری بەرگری عێراق لە پەراوێزی ئەو پێشانگایەدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی خوازیاری کڕینی درۆنی بەیرەقدار و کۆپتەری شەڕکەری ئاتاک و چەکی پێشکەوتووی دیکەی تورکیایە.

لە لایەکی دیکەوە عەمیدی خانەنشینکراو، ئەحمەد عەبدولسەلام تایی بە پێگەی العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە درۆنە سەربازییەکانی تورکیا دەتوانن کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی بەکارهێنانی فڕۆکە شەڕکەرەکان قەرەبوو بکەنەوە، هەروەها ڕوبەرێکی زۆری بیابانەکان لە عێراق پێویستی بەو درۆنانەیە و دراوسێبوون لە گەڵ تورکیاش وا دەکات کە خزمەتگوزاری تەکنیکی و دابینکردنی چەک و تەقەمەنییەکانی ئاسانتر بێت./.