دابەشکردنی پۆستەکان شەڕی بەرداوەتە نێوماڵی سوننەکانی عێراق

(0) / / فایلی تایبەت / محەممەد حەلبوسی


Dec 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای ئاشتبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەر دوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم، سەرچاوەیەکی ئاگاداری سیاسی ڕایگەیاندووە کە شەڕی نێوان ئەوان لە سەر دابەشکردنی پۆستەکان دەستیپێکردووەتەوە.

لە کاتێکدا کە سەرکردەکانی هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە پۆستە باڵاکان لە پشکی سوننە زیاتر مافی ئەوانە لە بەر ئەوەی کە ژمارەی کورسییەکانیان زیاترە، سەرکردەکانی هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خنجەریش جەخت لە سەر ڕێکەوتن وەک عورفێکی باوی سیاسی لە عێراق دەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری سیاسی ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییەکانی هەر دوو هاوپەیمانی سوننە لە سەر وەزارەتی بەرگری عێراقە و بە جیدی بووەتە کێشە لە نێوان ئەواندا و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەم ناکۆکییە بۆ قۆناغی پێشووی شەڕی نێوانیان بگەڕێتەوە.

وەزارەتی بەرگری لە گەڵ وەزارەتەکانی دارایی، ناوخۆ و دەرەوە بە چوار پۆستی سیادی و باڵای عێراق هەژمار دەکرێن و لە پرۆسەی دابەشکردنی پۆستەکان لە چەند خولی ڕابردوو سوننەکان وەزارەتی بەرگرییان وەرگرتووە.

سەلام عەجەمی لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی تەقەدوم سەبارەت بە ناکۆکییەکان ڕایگەیاندووە کە دانوستان لە سەر ئاستی باڵا لە نێوان هەر دوو هاوپەیمانی سوننە بەردەوامە و ڕێگری لەوە دەکرێت ناکۆکییەکان بگاتە ئاستی دوژمنایەتی.

عەجەمی ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی تەقەدوم لایەنی سەرەکی سوننەکانە، وەک پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە ناو کورد و ڕەوتی سەدر لە ناو شێعەکان.

چەندین ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 ی عێراق، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بانگهێشتی هەر یەک لە محەممەد حەلبوسی و خەمیس خنجەری کرد و بە شێوازێک کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو سەرکردەی سوننەی عێراقە هێنا.

لە لایەکی دیکەوە، محەممەد عەبد ڕەبە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاندووە کە بە جیدی باس لە دابەشکردنی پۆستەکانی پشکی سوننە لە نێوان ئەم دوو هاوپەیمانییەدا نەکراوە.

بە وتەی ناوبراو، دەبێت پاش دەستپێکردنی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە گەڵ کورد و شێعە، سوننەکانیش دەست بە دانوستانی دابەشکردنی پۆستەکانی تایبەت بە خۆیان بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر و براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لە سەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە گەڵ حکومەتێکی تەوافوقی (ڕێکەوتن) نابێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی لایەنە شێعەکان بژاردەی دووەم بۆ ئێستای عێراق بە گونجاوتر دەزانن./.