ئایا حەلبوسی دەبێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؟

(0) / / فایلی تایبەت / محەممەد حەلبوسی خەمیس خەنجەر


Dec 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

سیاسەتمەدارانی عێراقی شانسی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە لایەن محەممەد حەلبوسییەوە بە لاواز دەزانن و ئاماژەیان بە ڤیتۆی چەند لایەنێک لە سەر ناوبراو داوە.

کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق شانسێکی ئەوتۆی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی نییە.

حامید موتڵەگ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتی: حەلبوسی ناتوانێت دیسانەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێتەوە لە بەر ئەوەی کە لە لایەن بەشێکی زۆری لایەنەکانەوە دژایەتی دەکرێت.

حوسێن مالیکی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش وتی: ئەوەی کە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق – سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان – لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە، ئەستەمە، لە بەر ئەوەی کە خەڵک گۆڕانکارییان دەوێت نەک ئەوەی کە هەمان ئەو کەسانە دیسانەوە ببینرێنەوە.

باسم خەشان سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقیش وتی: محەممەد حەلبوسی شانسێکی ئەوتۆی نییە کە دیسانەوە پۆستەکەی وەربگرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە دژایەتییەکی زۆر دەکرێت و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی پێشێلکارییەکانەوە دۆسیەی لە دەزگای دادوەریدا هەیە.

سەعد موتەلەبی سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراق ڕایگەیاند کە خەڵک و لایەنە سیاسییەکان لە پارە و بودجەی سەردانەکانی حەلبوسی و فڕۆکە تایبەتەکەی تووشی سەرسوڕمان بوون و داوای چاودێری دارایی دەکەن و دەبێت ناوبراو بە هۆی ئەم کارەوە لێپرسینەوەی لە گەڵ بکرێت.

ناوبراو وتی: لە ماوەی سەرۆکایەتی حەلبوسیدا چاودێرییەکی ئەوتۆ لە لایەن دیوانی دەستپاکییەوە نەکراوە، سەردانەکانی حەلبوسی بۆ دەرەوەی وڵات لە قازانجی عێراقدا نەبووە و تەنیا بەهەدەردانی پارە بووە.

جەمیلە عۆبەیدی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە کە محەممەد حەلبوسی ڕوبەڕوی ڤیتۆی لایەنەکانی سوننە و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق بووەتەوە و کۆدەنگییەک بۆ ڕەتکردنەوەی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەیە.

عۆبەیدی وتی کە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت بە ڕێکەوتنی سیاسی بێت.

لە لایەکی دیکەوە، عەبدولوەهاب بیلاوی ئەندامی هاوپەیمانی عەزم وتی: ئێمە خالید عۆبەیدی، سابت عەباسی و مەحمود مەشهەدانیمان وەک سێ کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستنیشان کردووە و ئەگەری ئەوەش زۆرە کە لە سەر یەکێک لەم سێ کەسە ڕێکەوتن بکرێت.

هەروەها سالم عەبادی لە سەرکردەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاندووە کە تێڕوانینی چوارچێوەی هەماهەنگی شێعە لە هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر نزیکە.

ناوبراو وتی: کۆدەنگییەک هەیە کە دەبێت هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بگۆڕدرێن./.