سیناریۆکانی بەردەم دادگای باڵای عێراق لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
(0) /
بە بڕیاری دادگای باڵای عێراق بۆ دواخستنی ماوەی تاوتوێکردنی سکاڵای لایەنەکان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی 2021، لە ئێستادا 4 سیناریۆ لە بەردەم ئەم دامەزراوەدایە.
عەلی تەمیمی شارەزا لە کاروباری یاسایی عێراق، 4 سیناریۆی بەردەم دادگای باڵای ئەم وڵاتەی پاش بڕیاری دواخستنی تاوتوێی سکاڵاکان بۆ 22 ی کانوونی یەکەم، خستەڕوو کە بریتین لە:
1 – بڕیارەکەی ڕۆژی دووشەممەی دادگای باڵای عێراق لە دواخستنی ماوەی تاوتوێکردنی سکاڵاکانی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە واتای ئەوەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان پەسەند ناکرێت.
2 – دادگای باڵای عێراق دەتوانێت بە پێی بەڵگە ڕادەستکراوەکان لە سکاڵای لایەنەکان بڕیاری گونجاو دەربکات، لە ڕووی ئەوەی کە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان و یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کراوە و جێبەجێکردنیان لە دژی دەستووری عێراق بووە یان نە.
3 – دادگای باڵای عێراق دەتوانێت بڕیار لە سەر پەسەندکردنی بەشێک یان سەرجەم ئەنجامەکان یان هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە سەرتاسەری عێراق دەربکات.
4 – بە پێی سکاڵاکان پێدەچێت پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە پاش تاوتوێکردن و یەکلاییکردنەوەیان و بڕیارەکەی دادگای باڵاش بە پێی مادەی 94 ی دەستووری عێراق بۆ سەرجەم لایەنەکان و دامەزراوەکان قبووڵکراوە و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە./.
تێبينيێك بنێرە: