یەکەم هاوپەیمانی هاوبەشی کورد و عەرەب لە عێراق ڕاگەێندرا

(0) / / ئاسیا / جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید


Dec 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

بۆ یەکەم جار هاوپەیمانی هاوبەشی بزوتنەوەی ئیمتداد و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنیان بە 28 کورسییەوە لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنا.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ عەلائەدین ڕکابی سەرۆکی بزوتنەوەی ئیمتداد وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نوێ بە ناوی " لە پێناو خەڵک " لە نێوان هەر دوو لادا وتی کە ژمارەی ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە 28 کەسە.

ناوبراو وتی: دەرگاکانی ئەم هاوپەیماییە بە ڕووی هەموو ئەوانەدا کراوەیە کە ئامانجیان بونیادنانەوەی وڵاتە بەڵام ئەوانەی هەوڵی بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆیان دەدەن لای ئێمە شوێنیان نابێتەوە.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی: ئێمە هیچ پۆستێک قبووڵ ناکەین و جەخت لە سەر بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دەکەینەوە.

وتیشی کە لە داهاتوودا ژمارەی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە ڕەنگە بۆ 40 کەس بەرز ببێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕکابی بە ئاماژە بەوەی کە یەکەم جارە هاوپەیمانییەکی سیاسی لە نێوان کورد و عەرەب لە عێراق پێک دەهێندرێت، وتی: هاوپەیمانییەکەی ئێمە بۆ خەڵکە و لە حکومەتی پشکخوازیدا بەشداری ناکەین بەڵکوو بەوپەڕی شانازییەوە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە لە پەرلەمانی داهاتوو دەبین.

لە ڕاگەێندراوێکی " هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکدا " هاتووە کە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و ڕاستەقینە لە پەرلەمانی عێراقدا چالاکی دەکەین.

ئەم هاوپەیمانییە هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە بۆ چاودێری و لێپرسینەوە لە حکومەت و بەهێزبوونی دامەزراوە حکومییەکان و پاڵپشتی لە دەزگای دادوەری و میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، خزمەت گەیاندن بە هاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەوڵ دەدەین./.