دادگا لە مەرجەعەوە بۆ ئامرازی ململانێی سیاسی
(0) /
ئەبوبەکر کاروانی
یەکێ لە خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی دەوڵەتی نوێ و تێپەڕاندنی قۆناغی دەرەبەگایەتی لە خۆرئاوادا، ھاتنە کایەی قانونی سەراسەری و دادگا فەرمییە یەکگرتووەکان بوو؛ کە ئاماژەبوون بۆ کۆتیایی ھێنان بە دۆخی پارچە پارچەیی قۆناغی دەرەبەگایەتی پێشوو، ھاتنەکایەی دەوڵەت و دەسەڵاتە ناوەندییە بەھێزەکان، چونکە فرەیی لە یاساو سیستمی دادگادا، رەنگدانەوەی فرە دەسەڵاتیە ئەوەش لە ڕێی خۆیەوە، باڵادەستی کلتوری میری ناوچەیی و نائامادەیی چەمکی نیشتیمان و دەوڵەت بەواتا مۆدێرنەکانیان، دەگەیەنێت.
قانون و دادگاش تەواوکەری یەکترن و دەشێ لە ڕوانگەی ھەریەکەیانەوە، ھەندێ لە سیمای ئەوی دی ببینرێت و بخوێنرێتەوە، ھەر لەم پەیوەنددیەشدا دەتوانرێت ئاماژە بە چەندین کێشە بکرێت، لەوانەش:
١- کێشەی یاساو دادگای خراپ.
٢- کێشەی یاسای باش و دادگای خراپ و ناکارا.
دۆخی ئاساییش ئەوەیە، یاساو دادگای باشمان ھەبێت. واتە یاسای دادپەروەرانەو دادگای بێ لایەن و سەربەخۆو کارا بەیەکەوە لە ئارادابن و پێکەوە دادپەروەری یاسایی بچەسپێنب و خزمەت بە دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتیش بکەن. ئێمە لەکوردستاندا لانی کەم لە چەند بوارێکدا، خاوەنی یاسای باش و دادگای بێ ھێزو ناسەربەخۆو ناکاراین. بە تایبەتیش لەو کەیسانەی مۆرکی سیاسیان زاڵ بێت، یاخود سیاسیە دەست ڕۆیشتووەکان و نزیکانیان لە دادگایکردندا، یاخود داوایەکدا لایەن بن و سکاڵاکە لە بەرژوەندییەکانیان بدات.
ئەم دۆخەی ھەرێمی کوردستان، کە رەنگدانەوەی نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی و شکستی پرۆسەی نیشتیمان و نەتەوە سازی و لێکجیانەکردنەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکان و ناسەربەخۆبوونی دادگاکان و نەبوونی حوکمی دامەزراوەو یاسا سەروەریە، ھەرێم دەگێڕێتەوە بۆ پێش سەرھەڵدانی دەوڵەتی نوێ و مۆرکی دەرەبەگایەتیەکی بە مۆدێرنە ڕووپۆشکراوی پێ دەبەخشێت. دادگاش لە مەرجەعێکی یەکلاکەرەوەی کێشەکانەوە، گۆڕیوە بە ئامرازێکی ململانێ و ڕەوایەتی پێدانی سیاسی! کەمترین شتێکیش لەم دۆخە بکەوێتەوە، بێ ھەیبەتکردنی ئەم دەزگا گرنگەو ھێندەی تر لاوازکردنی متمانەی خەڵک دەبێت پێی.
ھەرێمێ یاسایەک و دوو جۆر دادگا حوکمی بکات، بەحوکمی ئەوەی دادگای جیاواز ڕەمزی سەروەری جیاوازە، کە ئەوەش لە بەرەنجامداو بە کردەوەو لانی کەم بۆ بەشێ لە کێشەکان، تا رادەیەک ئاماژەیە بەدوو یاسای جیاواز. لەو سۆنگەوە ئەگەر تەنھا ویلایەتی شوێنگەیی و شوێنی دادگایکردنەکە بگۆڕدرێت، لە بەرامبەر ھەمان کەیسدا، بڕیار و حوکمەکان جیاواز دەبن!! لەم دۆخەشدا، جۆری مامەڵەی دادگاو یاریکردن بە ماددەکان و تەکیفی یاسایی بۆ تۆمەتەکان، دەبن بەبەشێکی جیانەکراوەی خودی ماددە یاساییەکان وکۆی پرۆسەی دادگایی کردنەکە؟!
لێرەشدا دەسەڵاتی فراوانی دادوەر لە تەکیف و ڕاڤەو پێکگرتندا، نابێتە نیشانەی نەرمی یاساو ویژدانی زیندووی دادوەرو گەڕانێکی زۆرتر بۆ گیانی یاساو دادپەروەری و مروەتێکی زۆرتر، بەڵکو نزیکدەبێتەوە.
لە فێڵی یاسایی و فەرامۆشکردنی ماددەی یاسایی و دابەزاندنی بنمیچی دادپەروەری، تەنانەت لەو ئاستەش، کە ماددە یاساییەکان بەرجەستەی دەکەن!! بەمەش دەسەڵاتی داوەری بەرجەستە لە دادگاکاندا، نەک یەکێ لەخەسڵەت و دەسەڵاتەکانی لە دەست دەدات، کە دەسەڵات و مافی چاودێریە، بەڵکو سەربەخۆیی بەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش لە دەست دەدا! تا دەگاتە دۆخێکی نەخوازراوی دژە دیموکراسی، کە ئەویش بە مەرجەعبوونی کردەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بۆ دەسەڵاتی دادوەری!!
لە ھەرێمێکی دابەشبوو و نادیاریی دەسەڵاتێکی ناوەندیشدا، ئەم واقیعە تەنھا کێشەی تێکەڵاوبوونی دەسەڵاتەکان و قەبەبوونی دەسەڵاتی جێ بجێکردن بەدوای خۆیدا ناھێنێ، بەڵکو دەبێتە مایەی ناکۆکی حیزبی و سیاسی فرە ڕەھەندیش. ھەروەھا بێ مەرجەعیەتی کاری سیاسی و حوکمڕانی و کۆمەڵگە، دەگەیەنێتە ئاستە خوارەوەکانی کۆمەڵ. بە حوکمی ئەوەی لە پاڵ نەبوونی دەستورو دامەزراوەی ناوەندی بەھێزو لاوازکردنی دەسەڵاتی یاسادانان دا، ڕۆڵی دادگاش وەک مەرجەعێ بۆ یەکلاییکرنەوەی کێشەو ناکۆکیەکان و ناوبژیوان لە نێوان کەس و ھێز و ئاراستە جیاوازەکاند، بەرەو لاوازی زۆرتر دەبرێت و بەکردەوە لە کاردەخرێت!بە تایبەتیش لەو شتانەی وەک وتمان پەیوەندی بە دیدو بەرژەوەندی و نفوزی جیاوازی نوخبەی حیزبیی و حوکمڕانەوە ھەیە؟!
ئەگەری لێکەوتەی ئەمەش زیاتر شێواندنی وێنای نیشتیمان و ناسنامەی نیشتیمانی و ناوبانگی قەوارە سیاسیەکەیە، لە پاڵ دووبارە زەقبونەوەی ھەندێ ناسنامەی پێش نەتەوەیی و زەمینە خۆشکردن بۆ سەرھەڵدانی توندو تیژی و بێ باکی لە ھەندێ قۆناغدا و زیاتر پەککەوتن و دواکەوتنی پرۆسەی چاکسازی و نیشتیمان سازی./.
تێبينيێك بنێرە: