محەممەد حەلبوسی بۆ جاری دووەم بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

(0) / / ئاسیا / محەممەد حەلبوسی


Jan 09, 2022

قەبارەی فۆنت:

 بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، بە 200 دەنگ، بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانانی ئەم وڵاتە هەڵبژێردرا.

 لە میانەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە نێوان محەممەد حەلبوسی و مەحمود مەشهەدانی بەڕێوەچوو، حەلبوسی کە خولی پێشووش سەرۆکی پەرلەمان بوو، بە 200 دەنگ بۆ خولی پێنجەمیش وەک سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.

هەر لەو دەنگدانەدا مەحمود مەشهەدانی 14 دەنگی بە دەست هێنا و 14 دەنگیش پووچەڵ بووە. کۆی گشتی ئەندامانی پەرلەمان 329 کەس بووە کە 228 دەنگ خرایە سندۆقەکانی دەنگدان.

محەممەد حەلبووسی کێیە؟

محەممەد ڕێکان حەلبوسی، لەدایکبووی 4 ی کانوونی دووەمی 1981 لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراقە. ناوبراو دەرچووی زانکۆی موستەنسرییە هاوکات لە گەڵ داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بووە. ناوبراو لە گەڵ تیمی ئەندازیاریی سوپای ئەمریکا سەبارەت بە پرۆژە ژێرخانییەکانی فەلوجە لە پاش ساڵی 2005 گرێبەستی واژۆ کرد و بەرە بەرە لە پارێزگای ئەنبار بووە کەسێکی ناسراو.

ناوبراو خێزاندانە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی ئەندازیاریی شارسازیی لە زانکۆی موستەنسریە لە ساڵی 2002 و هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئەندازیاری هەر لەم زانکۆیە لە ساڵی 2006 هەیە.

حەلبوسی ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2014 و 2015، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمان لە ساڵی 2015 و 2016 و هەروەها سەرۆکی لێژنەی دارایی لە ساڵانی 2016 و 2017 بووە و ساڵی 2018 تا 2018 وەک پارێزگاری ئەنبار دەستنیشان کرا.

ناوبراو کەڵکی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ بنەماڵەی کەربولی، یەکێک لە بنەماڵە ناسراوەکانی سیاسی و بازرگانیی عێراق، لە ساڵی 2003 وەرگرت و چەندین پرۆژەی لە شارۆچکە پیشەسازییەکان جێبەجێ کرد، بە تایبەت لێژنەی ئاوەدانکردنەوەی فەلوجە کە بەشێک لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان و پۆستی ئەحمەد کەربولی بوو.

پاشان محەممەد حەلبوسی وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار هەڵبژێردرا و لە پاش ئەوەش ڕووی کردە کاروباری سیاسی و پەیوەندی بە هاوپەیمانی " متحدون " وە کرد. لە تەمموزی 2016 لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق حەلبوسیی وەک سەرۆکی نوێی خۆی هەڵبژارد.

پاشان لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە وەک پارێزگاری ئەنبار هەڵبژێردرا و ساڵی 2018 بە 169 دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا و شکستی بە خالید عۆبەیدی بە 89 دەنگ هێنا./.