ئایا پارتی تۆڵەی ساڵی 2018 لە یەکێتی دەکاتەوە؟

(0) / / فایلی تایبەت / پارتی یەکێتی


Jan 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەگەرچی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو کات باسی ئەوەیان کردووە کە دەیانەوێت بە یەکڕیزی لە بەغدا ئامادە بن و بەرگری لە مافە دەستورییەکانی کورد بکەن و لەو پێناوەشدا شاندی هاوبەشیان پێکهێنا و شاندەکەش بەر لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان چەند کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ لایەنە عێراقییەکان کرد، بەڵام وا دیارە پێکەوەبوونی ئەوان تەنیا لە بەردەم کامێراکانە و هیچ یەکبوون و پێکەوەبوونێک نییە.

بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تا ڕادەیەکی زۆر ئەو شاندە هاوبەشەی پارتی و یەکێتی بوو بە هیچ و ئێستا گرژییەکان لە نێوان ئەم دوو حیزبەدا لە بەغدا زیاتر بووە.

پارتی تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵی یەکێتی کە یەکڕیزی کوردی لە بەغدا تێکداوە و لە بەڵێنی خۆی پەشێمان بووەتەوە و بەشداریی لە دانیشتنەکەی شەوی ڕابردووی پەرلەمانی نەکردووە و دەنگی بە کاندیدەکەی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان نەداوە.

پارتی لە هەمان کاتدا بانگەشەی ئەوەش دەکات کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد وازی لە مافی خۆی هێناوە بەڵام هەڕەشەشی کردووە کە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار هەموو ئەگەرێک کراوەیە.

لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت کە پارتی بە پێی ئەو ڕێکەوتنە ژێربەژێرەی لە گەڵ سەدر و حەلبوسی پرسی کاندیدی سەرۆک کۆماریشی یەکلایی کردووەتەوە و بۆ ئەو پۆستە کاندیدی تایبەتی خۆی دەنێرێتە پەرلەمان و بەو ڕێکەوتنەی کە لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بینرا تا ڕادەیەک ئەو پۆستەشی بۆ مسۆگەر دەبێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر زاری ئەندام پەرلەمان و بەرپرسانی خۆیەوە ڕایگەیاندووە کە پارتی و سەدر و عەزم و تەقەدوم پێشتر ڕێکەوتنیان کردووە و پارتی بەو کارەی لە پشتەوە خەنجەری لە یەکڕیزی کورد داوە، لە کاتێکدا بڕیار بووە کە پارتی و یەکێتی پێکەوە لە گەڵ لایەنەکان بگەنە ڕێکەوتن.

چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیەش، پارتی و یەکێتی بە دوو کاندیدەوە بچنە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە پەرلەمانی عێراق و بە پێچەوانەی ساڵی 2018، ئەمجارە بەو ڕێکەوتنەی پارتی و سەدر و حەلبوسی کە باس دەکرێت، شانسی کاندیدەکەی یەکێتی لاواز دەبێت./.