لە حەسەکە چی ڕوویداوە؟ عێراق هێزەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

(0) / / ئاسیا / داعش هەسەدە ئەمریکا


Jan 21, 2022

قەبارەی فۆنت:

شەوی پێنج شەممە چەند تیرۆریستێکی داعش پەلاماری گرتووخانەی گوێرانیان دا و ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایشی پاسەوانی گرتووخانەکە بوونەوە.

ئەو گرتووخانە کەوتووەتە گەڕەکی زهوری شاری حەسەکە و هێرشەکەش لە ڕێگەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە.

دەوترێت لە پاش ئەو ڕووداوە، فڕۆکەکانی ئەمریکا چەند پێگەیەکیان لە دەوروبەری گرتووخانەکە بۆردومان کردووە.

چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش خۆیان گەیاندووەتە بەردەم گرتووخانەکە و بەدەر لە تەقاندنەوەی تەنکەرێکی سووتەمەنی، لە ڕێگەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە دەرگای سەرەکیی گرتووخانەکەیان کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە ژمارەیەک لە زیندانییەکان هەڵهاتوون.

ئاژانسی روسیا الیوم ڕایگەیاندووە کە لە پاش تەقینەوەکە دەنگی شەڕ و پێکدادانی سەربازی بیستراوە.

هێزەکانی هەسەدەش هەوڵی ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان بۆ هەڵهاتن پشتڕاست کردووەتەوە.

بەم هۆیەوە، فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق ڕێوشوێنی پێویستی بۆ پاراستنی سنورەکانی ئەم وڵاتە و سوریا گرتووتەبەر تا ڕێگری لە دزەکردنی تیرۆریستانی داعش بکات./.