بۆ ئیمارات و سعوودیە لە بەرامبەر هێرشی حوسییەکانی یەمەن بە لاوازی دەردەکەون؟

(0) / / ڕاپۆرت / سعوودیە ئیمارات


Jan 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

پێگەی هەواڵی " عەرەبی 21 " لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی " بۆ ئیمارات و سعوودیە لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن لاوازن؟ " لە وتووێژی لە گەڵ شارەزایانی کاروباری سەربازی، هۆکارەکانی لاوازبوونی ئەم دوو وڵاتەی لە تێکشکاندنی هێرشەکانی حوسییەکان تاوتوێ کردووە.

فایز دوەیری شارەزا لە کاروباری سەربازی بە پێگەی هەواڵی عەرەبی 21 ی ڕاگەیاندووە کە ڕاگرتنی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن لە ساڵی 2019 وە بۆ سەر ئیمارات جۆرێک لە کەمتەرخەمیی خستە نێو دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە سعوودیەش وتی کە دەسەڵاتدارانی ڕیاز تەنیا گرنگی بە شوێنە هەستیارەکانی وەک کۆمپانیای نەوتیی ئارامکۆ، فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکان دەدەن و بەم هۆیەوە سیستەمەکانی بەرگریی ئەم وڵاتە سەرەڕای بەربڵاوبوونیان تووشی کێشە بوون.

ئەو شارەزا سەربازییە وتی کە هێرشی حوسییەکانی یەمەن بەردەوام دەبێت و سعوودیە و ئیمارات سەرەڕای ئەوەی کە چەکی پێشکەوتوو و سیستەمی بەرگری پێشکەوتوویان هەیە بەڵام هێزی مرڤیی پێویستیان بۆ کەڵک وەرگرتن لەو چەک و کەرەستە سەربازییانە نییە.

هەروەها مەئمون ئەبو نوار وەک شارەزای سەربازی بە پێگەی عەرەبی 21 ی ڕاگەیاند کە بەئامانجگرتنی ئیمارات بە ژمارەیەکی زۆری مووشەکی بالستی بە تەواوی ئەم وڵاتە ئیفلیج دەکات بە تایبەت ئەگەر هێرشەکان دامەزراوە هەستیار و ژێرخانە گرنگەکان بکاتە ئامانج.

ناوبراو وتی کە پلانی ئیمارات بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی سکای لۆک لە ئیسرائیل بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێرشی درۆنەکان یارمەتیدەر نابێت.

وتیشی کە سیستەمەکانی بەرگری سعوودیە و ئیمارات ناتوانن ئەو درۆنانەی کە لە ئاستێکی مامناوەنددا دەفڕن بکەنە ئامانج.

ئەبو نوار وتی کە هەوڵدان بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری لە وڵاتانی وەک چین، ڕووسیا و کۆریای باشور بە هۆی جیاوازییان لە گەڵ سیستەمەکانی پێشووی ئیمارات و سعوودیە کە بەرهەمی وڵاتانی ڕۆژئاوان، دەبێتە هۆی کێشەی زیاتر بۆ ئەم دوو وڵاتە./.