وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا: سازشت لە سەر بەرهەم ساڵح ناکەین

(0) / / چاوپێكەوتن / بەرهەم ساڵح


Feb 09, 2022

قەبارەی فۆنت:

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە دواکەوتنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقدا نییە و دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنیش نایاساییە.

سۆزان مەنسور کەرەم لە وتووێژێکدا، ڕایگەیاند: دواکەوتنی دانیشتنی پەرلەمان لە بەرژەوەندی هیچ کەسێک نییە، ئێمە کە باسی سەرۆک کۆمار دەکەین بابەتەکە ئەوە نییە کە ئەو پۆستە بۆ حیزب دەبێت، سەرۆک کۆمار لە بەرژەوەندی خەڵک دەبێت نەک حیزب و کەس، بەرهەم ساڵح وەک تاکە کاندیدی یەکێتییە و سازشت لە سەر ئەوە ناکرێت.

ناوبراو وتی: کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بە تەواوی نایاساییە و هیچ یاسایەک نییە کە لە پاش کاتی دیاریکراو بۆ خۆپاڵاوتن جارێکی دیکە دەرفەتی لەو شێوەیە هەبێت، بۆیە شانسی حیزبەکانی دیکە لاوازە، لە بەر ئەوەی کە بە پێی بڕگەی 3 – 4 لە مادەی 8 ی ساڵی 2013 دەرگا بە ڕووی دووبارە خۆپاڵاوتندا داخراوە و باسم خەشان ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمان لە سەر نووسراوەکەی حەلبوسی سکاڵای تۆمار کردووە.

وتەبێژی یەکێتی سەبارەت بە کۆبوونەوەی هەر دوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیش وتی: هیوادارین کۆبوونەوەکان ئیجابی و لە بەرژەوەندی کورددا بێت، بڕوا ناکەم یەکێتی کاندیدەکەی بگۆڕێت لە بەر ئەوەی کە هەمووان کۆکن لە سەر ئەوەی بەرهەم ساڵح بمێنێتەوە و یەکێتیش خاوەن بڕیاری سیاسی خۆیە./.