دەرفەتی زێڕین
(0) /
سەرکەوت شەمسەدین
کۆتاییەکانی ساڵی ۲٠۲٠ و سەرەتای ۲٠۲۱ وە هاوپەیمانی هیوا رۆڵی گرنگمان بینی لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی نەوتی هەرێم بە یەکجاری، هەتا گواستنەوەی پرسی موچەش بۆسەر بەغداد، توانیمان هێزەکانی ناوەراست و باشور نزیک بکەینەوە لە رێکەوتن لەگەڵ هەرێم، وامانکرد رق و کینە بەرامبەر کورد و خودی هەرێم بگۆرێت بۆ ناکۆکی سیاسی لەگەڵ سیاسەتی نەوت.
هەروەها زۆر هەوڵمان دا لەگەڵ پارتی و یەکێتیش بگەینە رێکەوتن و مەلەفی نەوت، کە بۆتە بەڵا بۆ خەڵک، لەکۆڵ هەرێمی بکەینەوە، خۆمن بۆ قۆناغەکانی تر و هەمواری دەستور و یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامادە بکەین.
لەبیرمە لەسەرۆکایەتی کۆمار چەندین کۆبونەوەی چڕ لە نێوان هاوپەیمانی هیوا و پارتی و یەکێتی سازکرا، خاڵی سەرەکی مەلەفی نەوت و پرسی ئازادی رادەربرین بوون، چەندین گرژی و پێکدادان و تورەبون پەیدا بوو لە نێوان ئێمە و شاندی حکومەت و هەندێ لەوەزیرەکانی سەر بە پارتی، پارتی لوتبەرزانە بێ گوێدان بەکەس وەک گای هار ملی نابوو قسەی کەس نەدەچوو بە مێشکیان دا، دەمزانی دەبێت بەجۆرێک ئەو لوتبەرزییەی بارزنی بشکێنرێت بەڵام یەکێتی و هەندێک هاورێ خۆمان لە هیوا رێگر بوو.
جارێک بەشێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی هیوا و یەکێتی( چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتیش بەشداربوون) کۆبونەوەیەکی گرنگمانکرد مەبەستمان بوو یەکێتی لە پارتی داببرین، بەتایبەت لە
مەلەفی نەوت. باس هاتە سەر مەلەفی نەوت، یەکێتی زۆر نیگەان بوو لە مەفی نەوت بەڵام ئەوەی لە بەغداد لۆبی بۆ سیاسەتی نەوتی هەرێم ئەکرد قوباد تاڵەبانی بوو، پاشان یەکیتی نارازی بوو لە سیاسەتی نەوت بەڵام بەهۆی بێ روئیای و ترسیان لە تەخوینی پارتی لە کۆبونەوەکاندا زۆر شەرمنانە رای خۆیان ئەوت، دەیانووت "راستە نەوت لە کوردستان زۆر ناشەفافە، بەڵام خۆ نابێ نەوتەکەی خۆشمان بدەینە دەست قەیس خەزعەلی و هادی عامری." چەند جارێک ئەمەیان دوباتکردەوە.
من بەم قسەیە دەهری بووم و ووتم " بەراستی ئەبێ خۆتان یەکلایی بکەنەوە، یان لەگەل سیاسەتی پارتی بن بەرونی، یان وەک ئێمە دژی سیاسەتی نەوت بن، ئیتر بیانو مەهێننەوە کە نەوت ئەکەوێتە دەست قەیس و هادی، ئەسڵەن نەوتی عێراق بەدەست قەیس و هادی یەوە نییە تا نەوتی کوردستان بکەوێتە دەستیان، بەڵکو لێرە موئەسەسە هەیە و پەرلەمان چاودێری لیتر بە لیتری ئەکات، پاشان نازانم جیاوازی چییە لە نێوان بارزانی و قەیس خەزعەلی و هادی عامری؟"
گفتوگۆکەمان بەردەوم بوو، یەکێتی بریاریدا ئەگەر پارتی نەوتی تەسلیم نەکرد و رێکەوتن نەکرا، ئەوە یەکێتی پشتیوانی پشنیاری ئێمە دەکات بۆ بەستنەوەی موچەی هەرێم بە بەغداد، یان رێگە بدرێت هەر پارێزگایەک لە هەرێم لەسەر بنەمای داهات مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکات."
شەوی دەنگدان لەسەر بودجەی ۲٠۲۱، نوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی لەگەڵ پێشنیارەکەی ئێمە بوو، دەنگی دا و برگەی ئەوەی هەر پارێزگایەکی هەرێم داهات تەسلیم بکات ئەوە حکومەتی عێراق پشکی خۆی لە بودجە بۆ دابین دەکات.
پاش ئەمە پارتی قیامەتی هەڵساند، قوباد تاڵەبانی هاتە لیژنەی دارایی و بەزۆر نوێنەرەکەی خۆیان لە لیژنەی دارایی ناچارکرد کە دەنگەکەی بکشێنێتەوە، حەلبوسی خۆی هاە لیژنەی دارایی، بۆیە جارێکی تر ئەو برگەیە خرایە دەنگدان و دەنگی نەهێنا، قوباد تاڵەبانی و یەکێتی جارێکی تر بویە فریاد رەسی پارتی.
لە خولی پێشوو ئێمە زۆر ئازایانە و راشکاوانە مەوقیفی خۆمان دژی سیاسەتی نەوتی بارزانی راگەیـاند. چوینە دادگای باڵای فیدڕاڵی و بۆ بەدواداچون بۆ شکاتەکەی حکومەتی عێراقی لەسەر نەوتی هەرێم، چونکە دەمانزانی ئەو مەلەفە بەدەست بارزانی یەوە تەنیا و تەنیا بۆ چەوساندنەوەی خەڵک بەکاردەهێنرێت، راگرتنی گەورەترین خزمەتە بە خەڵکی کوردستان، بەڵام دوروی یەکێتی و شلۆقی دۆخی بەغداد لە قازانجی بارزانی بوو، بەڵام ئێمە توانیمان رایگشتی عێراقی هۆشیاربکەینەوە کە نەوتی کوردستان بۆ خەڵک نییە و خەڵک دژی سیاسەتی نەوتە.
بەڵام دەبینم ئێستا هەندێ "بەناو ئۆپۆزسیۆن" پێش پارتی پرمەگریان بوون و گوایە بەهۆی ناشەفاف بونی مەلەفەکەوە ئەوان بەرگری لێناکەن، لەبری ئەوەی ئازایانە پشگیری بریارەکەی دادگا بکەن، ئەو دادگایەی کورد بەشێکی گرنگییەتی و رۆڵی هەیە لە بریارەکانی دا.
ئێستا دوای ئە بریارە دەفەتێکی زێرینە بۆ جێبەجێکردنی و بۆ گێڕانەوەی خۆشگوزەرانی ئابوری، کاراکردنەوەی پەرلەمان لە چاودێریکردنی بودجە، کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی تاکڕەوی پارتی بەسەر هەرێم دا، ئەمە دەرفەتێکە بۆ کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە، رەنگە لە
کوردستان روبارێک خوێنمان برشتایە نەمانتوانیایە مافە بۆ خەڵک بگێرێنەوە، بەڵام سەرەرۆییەکانی بارزنی ئەم دەرفەتە زێرینەی بە خەڵکی کوردستان بەخشی.
بارزانی بەم هەنگاوە بەچۆکدا هاتووە، بەجۆرێک تەنیایە کە ئەگەر یەکێتی و هێزەکانی تر نەبن فریادرەسی، کاتی مالئاواییکردنیەتی لە کایەی سیاسی، ودەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی یە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوای بارزانی./.
.
تێبينيێك بنێرە: