پارتی وادەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی ئاشکرا کرد

(0) / / ئاسیا / پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕێبەر ئەحمەد


Mar 07, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە حکومەتی نوێی عێراق تا کۆتایی مانگی نیسان پێک دەهێندرێت.

مەهدی عەبدولکەریم ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی سێقۆڵیی پارتی و ڕەوتی سەدر و سوننەکان لە دوو کۆبوونەوەدا ڕێوشوێنی تایبەتیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و بەدەستهێنانی دوو لە سەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان و دواتریش ڕاسپاردنی فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دیاری کردووە.

ناوبراو وتی کە بەم پێیەش پێشبینی دەکرێت حکومەتی نوێ تا کۆتایی مانگی نیسان یان کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پێک بهێندرێت.

ئەو ئەندامەی پارتی وتی کە دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە 203 دەنگ قورسایی ئەم هاوپەیمانییەی خستەڕوو و بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان تەنیا 17 دەنگی دیکە پێویستە و بۆ ئەوەش لە گەڵ چەند لایەنێکی دیکە وتووێژ کراوە.

مەهدی عەبدولکەریم وتی کە ئەگەر ئەمە مسۆگەر ببێت ڕێبەری ئەحمەد بارزانی دەبێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق.

وتیشی کە بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هۆشیار زێباری، پارتی چەند کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت./.