پارتی تۆمەتێکی نوێی خستە پاڵ یەکێتی

(0) / / كوردستان / پارتی یەکێتی


Mar 07, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە ماوەی دوو مانگە یەک دیناری داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.

لیزا کاکەیی بە میدیای حیزبەکەیی ڕاگەیاند کە بە هۆی ئەوەی کە کۆکردنەوەی داهات بە شێوەی مەرکەزی نییە و لە لایەن ئیدارەی پارێزگاکانەوە داهات کۆدەکرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە داهاتی پارێزگای سلێمانی نەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، هەموو ئەو داهاتانەی باج و ڕسومات و خاڵە سنورییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەر دوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین نەهاتووەتەوە نێو خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو کە ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانە، وتی: سلێمانی ماوەی دوو مانگە ئامادە نییە داهات بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، پێشتریش کاتێک حکومەتی هەرێم دەستی بە چاکسازی کرد بۆ زیادکردن و ڕێکخستنەوەی داهات لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە چاکسازییەکە لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بە ڕێک و پێکی بەڕێوەچوو بەڵام لە سنوری سلێمانی ئیدارەی پارێزگاکە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی هاوکار نەبوو.

لیزا کاکەیی هەروەها وتی کە ئیدارەی سلێمانی بەوەش نەوەستاوە و قۆناغێکی دیکەی دەستپێکردووە ئەویش تەواوکەری ئەو پیلانەیە کە هەندێک لایەن لە ڕێگای دادگای باڵای عێراقەوە لە بەغدا هەوڵی وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان دەدەن، ئەویش لە پێناو لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی داراییەوە./.