زەنگەکەی سەدر و مالیکی
(0) /
د. بەختیار شاوەیس
ئێوارەی دوێنێ بەزەنگێکی مۆبایلەکەی سەدر بۆ مالکی، کۆی پرۆسە سیاسیە چەقبەستوەکە ڕاچڵەکی.
پەیوەندی پچڕاوی پانزە ساڵەی نێوان سەدرو مالکی بەبیست خولەک قسەکردن پێکهێنرایەوەو ئەمەش جارێکی تر ئەو حەقیقەتە پراگماتیکەیەی هێنایەوە ناو ئەندێشەمان کە لەسیاسەت هیچ شتێک نامومکین نییە.
سەدر کە بەجوڵە شۆکهێنەرو عەجیبەکانی ناسراوە، بەم هەنگاوەیشی شتێکی تازەی لەسروشتی کەسایەتی خۆی دەرنەبڕییو ئەوەی پێ وتین کەهەمیشە چاوەڕوانی ئەوەبکەن کە چاوەڕێی ناکەن.
پێنج مانگی ڕێکە لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە، حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیو نا بۆ حکومەتی شەرقیو غەربی کردبووە تایتڵی دوای هەر دانیشتنو کۆبوونەوەیەکی، هەربۆیە لەبیست خولەک قسەی تەلەفۆن هەموو ئەوانەی وەلاناو گرێکەی بەرەو کردنەوە برد.
سەدر بەهێنانی جەعفەر سەدری ئامۆزاو ژنبرای، کە لەهەمانکاتدا کوڕی دامەزرێنەری حزبی دەعوەو کۆنە پەرلەمانتاری دەعوەیە لەساڵی 2010، جارێکی تر ئەوەی وتەوە کە حەنانە بەتویت یان پەیوەندیە تەلەفۆنەکان ئەم عێراقە دەسوڕێنێ.
دواجار؛ لەدوای کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیو دواتر پەیوەندیکردنەوەی مالکی بەسەدرەوەو هەروەها لەدوای تویتەکەی قەیس خەزعەلی کە ئاماژەکان بۆ کۆکبونی هەموانن لەسەر جەعفەر سەدر، ئیتر ماڵی شیعی وەک ماڵی سوننە بەرەو کۆکردنەوە دەچن، بەڵام تاکە ماڵێک کە بەپەرتەوازهیی لەدوورەوە دەڕوانێ ماڵی کوردییە، هەربۆیە زیادەنییە ئەگەر بڵێین لەدوای مام جەلالو لەنەبوونی سەرکردەی ڕاستەقینەدا، شتێک لەئەسڵداو لەم عێراقەدا هەر بوونی نەماوە بەناوی ماڵی کوردی./.
تێبينيێك بنێرە: