پارتی و یەکێتی؛ گواستنەوەی ئاڵۆزییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم

(0) / / ڕاپۆرت / مەسعود بارزانی پارتی یەکێتی


Apr 08, 2022

قەبارەی فۆنت:

پێداگری سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە سەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبەکانی دیکەی بەوە گەیاندووە کە بە کارتی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان لە بەرامبەر پاوانخوازی سیاسیی پارتی بوەستنەوە.

هەوڵەکانی یەکێتی و حیزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تا پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، هەرێمی ڕوبەڕوی قەیرانێکی نوێی سیاسی کردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کە پارتی بە هەموو هێزێکەوە دژی ئەو حیزبانە هەڵوێست بگرێت.

لە ڕاستیدا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە سەر پۆستەکانی کورد لە بەغدا بە تایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار، بووەتە هۆکاری ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەو تەنگەژە سیاسییەی لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێم دەبینرێت.

بەشێک لە شارەزایانی سیاسی پێشتر پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە بە هۆی سیاسەتەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە هەرێم ڕوبەڕوی وەها قەیرانێکی سیاسی ببێتەوە.

ئەو شارەزایانە لەو بڕوایەدان کە پاوانخوازیی پارتی و سیاسەتی مەسعود بارزانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی جومگەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و پشکی کورد لە بەغدا و پێشێلکردنی ڕێکەوتنە هاوبەشەکەی لە گەڵ یەکێتی بە تایبەت لە پرسی سەرۆک کۆمار، کاردانەوەی لایەنەکانی دیکەشی لێکەوتووەتەوە.

بنەماڵەی بارزانی بە سەر دامەزراوە سیاسییەکانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان زاڵ بوون و ئێستاش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی پۆستە باڵاکای پشکی کورد لە عێراق وەک سەرۆک کۆمار دەدەن و ئەمەش وایکردووە کە یەکێتی کاردانەوەی هەبێت و ڕێگری لەوە بکات کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە تەنیا خاوەن هەژموون و دەسەڵاتی کورد بن.

لە لایەکی دیکەوە، ڕەخنگەرانی حکومەتەکەی پارتی دەڵێن کە ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کورد بەو بۆنەوە ڕێگای وڵاتانی دەرەوەیان گرتووەتەپێش و ئەمەش پیشاندەری شکستی دەسەڵاتی بارزانییەکانە.

هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان وەک کارتی گوشاری ڕوبەڕوبونەوەی پارتی

هەموو ئەم کێشە و گرفتانە بووەتە هۆی ئەوەی کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و لە سەروی هەمووانەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیار بدەن ڕێگری لەو پاوانخوازییەی پارتی بکەن و لە یەکەم هەنگاودا هەوڵ بدەن لە ڕێگای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە پێگەی خۆیان بە پارتی پیشان بدەن.

بەم بۆنەوە یەکێتی مەرجی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆن و کورسی کۆتاکان گەڕاندووەتەوە و داوایکردووە کە هەرێمی کوردستان بکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردنەکان و تۆماری دەنگدەرانیش بە پێی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق نوێ بکرێتەوە.

پارتیش ڕایگەیاندووە کە دژی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانە و دەبێت کوردستان بە یەک بازنە هەڵبژاردنی تێدا بکرێت، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە ئەگەری پێداگری لایەنەکانی دیکە لە سەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان، زۆرینەی پەرلەمانی بەکار دێنێت. پێشبینی دەکرێت هەرێمی کوردستان بەرەو ئاڵۆزییەکی سیاسی دیکە لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی پارتی و یەکێتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار ببرێت./.