ئەردۆغان چۆن وڵاتانی ناوچەکەی ڕوبەڕوی قەیرانێکی ژینگەیی کردووەتەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / ڕەجەب تەیب ئەردۆغان


Apr 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

لە ڕۆژانی ڕابردوودا خۆڵبارینێکی کەم وێنە هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراقی گرتەوە و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەم دوو وڵاتە دانا. شارەزایان دەڵێن کە بە تەواوبوونی پرۆژەکانی درووستکردنی بەنداو لە تورکیا دەبێت چاوەڕوانی لەمەش خەراپتر بین.

خۆڵبارینەکەی ئێران لە سنورەکانی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. شارەزایانی ئێرانی دەڵێن کە لە داهاتوودا خۆڵبارینەکان بە هۆی پرۆژەکانی تورکیاوە لە سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات زیاتر دەبن. تورکیا لەو پرۆژەیەدا کە بە گاپ ناسراوە، ڕێژەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە کەم دەکاتەوە و بەم هۆیەوە دەبێت چاوەڕوانی لەمەش خەراپتر بین کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بینراوە.

بە وتەی شارەزایان، پێویستە وڵاتانی ئێران و عێراق لە ڕێگای وەزارەتەکانی دەرەوەی خۆیانەوە و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ ئەم کێشەیە بکەن کە بێگومان لە ماوەی ساڵانی داهاتوو وەک قەیرانێکی ژینگەیی بەرۆکیان دەگرێتەوە.

بەنداوی ئیلیسۆی تورکیا ڕێگری لە سەدا 56 ی ئاوی دیجلە بۆ عێراق دەکات و ئەمەش بە مەترسییەک لە سەر ناوچەکە دادەنرێت. پرۆژەی گاپی تورکیا بە کردەوە بەشێکی زۆری ئاوی دیجلە و فۆرات دەبڕێت و ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی دروستبوونی خۆڵبارینەکانە.

پرۆژەی گاپی تورکیا 22 بەنداو و 13 وێستگەی کارەبا لە سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات لە خۆ دەگرێت و وا دەکات کە سوریا، ئێران و عێراق ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی مەترسیداری ژینگەیی ببنەوە، بە تایبەت لە عێراق ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوی کشتووکاڵی و وشکبوونی زەوییە کشتووکاڵییەکانیش بە هۆکاری دروستبوونی خۆڵبارین و هاتنی لە سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێرانەوە دادەنرێت.

بەنداوی ئیلیسۆ کە لە سەر ڕووباری دیجلە لە پارێزگای مێردین لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا درووست کراوە، توانای گلدانەوەی 43 ملیار مەتری سێجا ئاوی هەیە و پاش بەنداوی ئەتاتۆرک، دووەم بەنداوی گەورەی ئەو وڵاتەیە. درووستکردنی ئەم بەنداوەش بە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر ئێران، عێراق و ناوچەکە دادەنرێت، لە بوارەکانی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و خۆڵبارینەکان، پاشەکشەی کەرتی کشتووکاڵی و کێشە ئابورییە پەیوەندیدارەکان.

لە توێژینەوەیەکدا هاتووە کە پرۆژەی گاپی تورکیا کاریگەریی لە سەر 25 پارێزگای ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران دادەنێت بە تایبەت پارێزگای خوزستان کە بە وشکبوونی ئاوی ” هور العظیم ” شەپۆلی خۆڵبارینەکان زیاتر و زووتر دەبن.

لە ڕابردووشدا بەنداوی ئەتاتۆرک لە تورکیا کە لە سەدا 75 ی ئاوی فۆرات گلدەداتەوە و بە توانای گلدانەوەی 50 ملیار مەتری سێجا هێندەی 650 بەنداوی ئێران و نیوەی ئاوی تەواوی بەنداوەکانی ئەم وڵاتە، بەشێک لە سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی وشک کردبوو، هۆکارێکی گرنگی دروستبوونی خۆڵبارینەکان و کاریگەرییەکانی لە سەر ئێران بووە.

تەواوبوونی ئەو 22 بەنداوەی تورکیا بەدەر لە زیاترکردنی قەیرانی ئاوی ناوچەکە، وڵاتانی وەک ئێران و عێراق ڕوبەڕوی قەیرانێکی بەربڵاوی ژینگەیی بە لێکەوتە و کاریگەری زۆری ئابوری و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە./.