سوننەکانی عێراق ناکۆکن

(0) / / ئاسیا / محەممەد حەلبوسی خەمیس خەنجەر


Apr 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، لایەنە بەشدارەکانی ناو هاوپەیمانی سیادە کە لەپەڕلەمانتارانی سەر بەخەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبووسی‌و چەند پەڕلەمانتارێکی تری سەربەخۆ پێکهاتوون،کێشەو ناکۆکی نوێ کەوتۆتە نێوانیان کە پەیوەستە بەدابەشکردنی پۆستەکانی ناو پارێزگا سونییەکان.

بەوتەی ئەو سەچاوەیە؛ لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ناکۆکی توند لەنێوان پەرلەمانتارانی سەر خەمیس خەنجەرو پەرلەمانتارانی سەر بەمحەمەد حەلبووسیی درووستبووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی حەلبووسی دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی وەک تاکە هێزی ناوچەکە بسەپێنێت‌و بێگەڕانەوە بۆ خەمیس خەنجەرو لایەنە سوننییەکانی تر گۆڕانکاریی لەپۆستەکانی ناو پارێزگا سوننییەکان ئەنجامدەدات.

ئەوەش هاتووە، "پەڕلەمانتارانی سەر بەخەمیس خەنجەر گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی حەلبووسی دەیەوێت لەڕێگای سیاسەتی ئەمری واقیعەوە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بۆئەوەش چوار پەڕلەمانتاری نزیک لەخەنجەر هەڕەشەی ئەوەیانکردووە کە ئەگەربێت‌و لەدابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگا سوننییەکاندا دادپەروەریی نەبێت، ئەوە هاوپەیمانی سیادە جێدەهێڵێن".

سەرچاوەکە هەروەک وتویەتی:"دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت‌و دەستەوەستانی هاوپەیمانی سێقۆڵیی لەتێپەڕاندنی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار وایانکردووە بەشێک لەپەرلەمانتاران بیر لەجێهێشتنی هاوپەیمانێتییەکە بکەنەوە، بەتایبەت کە لەمدواییەدا ڕۆڵیان بەرامبەر بەچوارچێوەی هەماهەنگیی لاواز دەردەکەوێت".