هێرشە جیاوازەکەی تورکیا و پەیوەندیی بە دۆسیەی گازی هەرێمی کوردستانەوە

(0) / / ڕاپۆرت / مەسرور بارزانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان


Apr 19, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای ئەوەی کە هێرش و دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە بابەتێکی نوێ نییە بەڵام شرۆڤەکاران کات و ئامانجی هێرشەکە بووەتە جێی گومان.

میدیاکانی تورکیا بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە حکومەتی ئەو وڵاتە باس لە ڕەهەندە جیاجیاکانی هێرشەکەی ئەمجارەی تورکیا دەکەن.

چاودێران دەڵێن کە هێرشەکەی ئەمجارە دەبێت بە تەواوکەری هێرشەکانی ڕابردوو دابنرێت کە تورکیا لە ئایاری 2019 لە عێراق دەستیپێکرد بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە چەند هۆکارێک ئەم هێرشە دەبێت لەوانەی پێشوو جیا بکرێتەوە.

ئەم هێرشە تەنیا 3 ڕۆژ لە پاش سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و چاوپێکەوتنی لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بووە و دەوترێت کە هەر دوو لا لە سەر ئەم هێرشە ڕێکەوتنیان هەبووە.

هێرشەکەی ئەمجارەی تورکیا لە ڕوبەرێکی 7 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیی لە قووڵایی 25 تا 30 کیلۆمەتری خاکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

هەرێمی کوردستان بێدەنگیی هەڵبژاردووە و هیچ کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر بەزاندنی خاکی خۆی نەبووە، مەسرور بارزانیش تەنیا چەند کاتژمێرێک پاش هاتنی هێزەکانی تورکیا سەردانی بەریتانیا کرد.

لە خاڵە گرنگەکانی ئەم هێرشەدا دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین کە تورکیا کەڵک لە درۆن و کۆپتەر و فڕۆکەی شەڕکەر وەردەگرێت کەچی لە لە هێرشەکانی ڕابردوو زیاتر تۆپخانە و درۆنەکان دەوریان گێڕاوە.

لە لایەکی دیکەوە، هێرشەکەی تورکیا لە کاتێکدایە کە عێراق لە قەیرانێکی سیاسیدایە و سەرەڕای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و تێپەڕبوونی 6 مانگ بە سەر ڕاگەیاندنی ئەنجامەکەیدا هێشتا ناکۆکییە سیاسییەکان ڕێگرییان لەوە کردووە حکومەتی نوێ پێک بهێندرێت.

هەروەها دەوترێت کە ئەم هێرشە سەرەتای هێرشێکی نوێی سەر هێزە کوردییەکانی سوریاش دەبێت.

یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم هێرشە ئەوەیە کە ئاسایشی بۆری نەوتی هەرێم و گازیش لە داهاتوودا بۆ تورکیا دابین بکرێت. هەولێر و ئەنکەرە دەیانەوێت لە داهاتوودا هیچ کێشەیەک لە بەردەم گواستنەوەی گازی هەرێم بۆ تورکیا نەبێت.

هەناردەی گازی هەرێم بۆ تورکیا پێویستی بەوە هەیە کە لە ناوچە سنورییەکان ئاسایشی پارێزراو بێت و دەبێت ئەم ناوچەیە بە تەواوی پاک بکرێتەوە تا تورکیا هیچ نیگەرانییەکی لە دابینکردنی گازی خۆی نەبێت.

ئێستا بە تەواوی ڕوون بووەتەوە کە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا پەیوەندیی بە پەکەکە و دۆسیەی گازی هەرێمەوە هەبووە. حیزبە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش هێز و کاریگەری ئەوەیان نەماوە ڕێگری لە تاک جەمسەرییەی پارتی لە کوردستان بکەن./.