ئێران لە سەر گرووپە دژبەرەکانی نیشتەجێی هەرێم چ داوایەکەی لە حەلبوسی کردووە؟

(0) / / ئاسیا / محەممەد حەلبوسی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان


Apr 27, 2022

قەبارەی فۆنت:

 وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا وتی کە دژبەرانی شۆڕشی ئیسلامی و جوداییخوازە ئێرانیەکان نابێت پێگەیەکی پارێزراویان لە عێراقدا بۆ هەڕەشە لە دژی ئێران هەبێت.

چاوپێکەوتنی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران بەڕێوەچوو.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو چاوپێکەوتنەدا پاڵپشتی وڵاتەکەیی بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق ڕاگەیاند و وتی کە ئێران ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە ئاسایش و سەقامگیری خۆی دەزانێت.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە ئێران عێراقێکی بەهێز بە دەستەبەری ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دەزانێت.

ناوبراو هەروەها وتی کە دژبەرانی شۆڕشی ئیسلامی و جوداییخوازە ئێرانییەکان نابێت پێگەیەکی پارێزراویان لە عێراق بۆ هەڕەشە لە دژی ئێران هەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕژێمی زایۆنیستیی بە سەرچاوە و هۆکاری ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لە ناوچەکە ناو برد و وتی کە ڕۆژی جیهانیی قودس هەنگاوێکە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پیلانگێڕییەکانی ئەم ڕژێمە.

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی کە دەستووری عێراق موڵەتی چالاکی بە هیچ کەس و ڕێکخراوێک بۆ هەڕەشە لە دژی دراوسێکان نادات.

ناوبراو وتی کە عێراق بەردەوام پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هەبووە و بەم بۆنەوە دەستخۆشیی لە بەرپرسانی باڵای ئێران کردووە./.