کاک مەسعود بارزانی چی دەستکەوت!
(0) /
حلمی ڕەسوڵ ڕەزا
مەسعود بارزانی لە نوێترین گەمەی سیاسی لە عێراقدا چاوی چووە سەر پۆستی سەرۆك كۆمار، بەجۆرێك پێداگری كرد لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە كە دۆست و نەیاری توشی شۆك كرد و تەنانەت بەشێك لەسەركردەو ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەی خۆشی ئەم پێداگرییەیان لەلا پرسیار بوو، دواتر لێكدانەوەی سەیرو سەمەر لەسەر پێداگری بارزانی كرا بۆ ئەو پۆستە، لەهەمووشیان سەیرتر ئەوە بوو كە هەندێك لایان وابوو ئەم قۆڵبادانە پەیوەستە بە خولی پێشتری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، دواتریش ئەوە زیاتر سەلمێنرا، كە لە دیدارەكاندا مەسعود بارزانی پێداگری دەكرد كە ئەو پۆستە بەهیچ شێوەیەك نابێت بۆ دكتۆر بەرهەم ساڵح بێت.
دەركەوتنی نیازەكەی بارزانی و پێداگریی بۆ پۆستەكە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق خستە گۆشەیەكی تەسكی دنیای سیاسەتكردنەوەو جێگۆركێیەكی سەیرو سەمەرەشی بە پارتی كرد تا ئاستی ئەوەی هەڵوێستەكانی كاریگەرییان هەبێت لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لەعێراق و كوردستانیش. سەرەتا یەكریزی ناو ماڵی كوردی خستە ژێرپرسیارێكی جدییەوە، دواتریش بەهاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەكە بهشێكی گرنگ و كاریگەری له شیعهكان كردە نەیار و ئەوەش پرۆسەی سیاسی لە عێراق و كوردستان سپارد بەئایندەیەكی نادیار. لهسهر ئاستی ههرێمی كوردستانیش جگە لەدوركەوتنەوەی لە هاوبەشە ستراتیژەكەی كە یەكێتیە، پارتی تهواو گۆشهگیر و لاتهریك كرد و هیچ لایهنێكی سیاسی پهسهندی ئهم سیاسهتهی مهسعود بارزانییان نهكرد.
لەرووی سیاسییەوە كار گەیشتە ئەوەی دادگای فیدراڵی كاندیدێكی بارزانی بخات و مافی خۆكاندیدكردنی بۆ هەموو پۆستەكانی داهاتووش تا ئەبەد لێوەربگرێتەوە، لەرووی ئابوریشەوە دۆخەكە هێندە خراپ كەوتەوە دادگای فیدراڵی مافی مامەڵەكردنی نەوت و غاز لە حكومەتی هەرێم وەربگرێتەوە و پرسیارێكی قەبەو گەورە لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دروست بكرێت!.
من نازانم لەناو پارتی كەس مافی ئەو پرسیارەی هەیە لە مەسعود بارزانی بكات كە ئاخۆ دوای ئەو هەموو گوشارە؛ كورد و پارتی چیان دەستكەوت.. یان ئاخۆ خۆی ئەو پرسیارەی لا دروست نەبووە كە قۆناغی پێش قۆڵبادانەكە پارتی و بارزانیش خاوەن كاریگەرییەكی زۆر زیاتر بوون لە عێراق و ههرێمی كوردستانیش. خەڵكی كوردستان هەقی خۆیانە بپرسن ئاخۆ رەوایە كە كاك مەسعود جاران شەری بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی دەكرد، و بەلای كەمەوە حزبەكەی خۆی و بەشێك لە هێزە سیاسیەكان وەك مەرجەعی كورد دەیانناسی، بەڵام ئیستا بەهۆی ئەم قۆڵبادانەوە كار گەیشتۆتە ئەوەی باس لەوە بكرێت كە ئەو سەركردەو ئەم سەركردەی شیعە وەڵامی تەلەفۆنی دەدەنەوەو پەیوەندییەكانیان باشە !
ئێستا پرسیاره گەورەكە ئهوهیه ئاخۆ مهسعود بارزانی له پیادهكردنی ئهو سیاسهتهی چی دهستكهوت؟
واقیعی سیاسی پێمان دهڵێت كه مهسعود بارزانی ئەگەر هەر پێداگری بكات لەسەر خواست و مەبەستەكەی ئەوە بەدڵنیاییەوە بڕیاری تر و گوشاری سیاسی و ئابوری تر لەسەر هەرێم كەڵەكە دەبێت، بەجۆرێك كە چیتر قەوارەی هەرێم نەك بوونێكی بەهێزی نابێت، رەنگە بشكرێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی كێشە هەرێمایەتیەكان و ئەو كاتە چیتر پەشیمان بوونەوەش دادی كەس نەدات و قەوارەی هەرێم دەخرێتە بەردەم مەترسییەكی گەورەی واوە كە دۆستەكانیشمان لەباتی دەستگرتن، سەرزەنشتمان دەكەن.. چونكە ئەم سیاسەتەی ئیستای بارزانی جگە لەوەی دوا بزمارە له تابوتی دروشمی دهوڵهتی كوردیدا؛ لەهەمان كاتیشدا فرسەت دروست كردنە بۆ نەیارانی كورد تا پێگەی سەربازی خۆیان لێرە قایمتر بكەن و بە دونیای بسەلمێنن سەركردەكانی ئیستای باشور نەك توانای ئیدارەدانی ململانێی هەرێمایەتیان نییە و ناتوانن بەشێك بن لەچارەسەر، تەنانەت ناشتوانن چارەسەری كێشە رۆتینییەكانی نێو خۆشیان بكەن./.
تێبينيێك بنێرە: