تورکیا بۆ دژایەتی پەکەکە چەند مەرجێکی بۆ سوید و فینلەندا دیاریکردووە

(0) / / ئەورووپا / تورکیا سوید فینلەندا


May 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئاژانسی بلۆمبێرگ چەند مەرجێکی تورکیای بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ڕێکخراوی سەربازی ناتۆ ئاشکرا کردووە.

 لە ڕاپۆرتێکی  ئاژانسی بلۆمبێرگدا هاتووە کە تورکیا کۆمەڵە مەرجێکی بۆ قبووڵکردنی داواکەی سوید و فینلەندا و ئەندامبوونیان لە ڕێکخراو ناتۆ دیاریکردووە.

تورکیا داوایکردووە کە ئەمریکا واز لە سزاکانی سەر ئەم وڵاتە بە بیانووی کڕینی سیستەمی دژە مووشەکیی ئێس 400 ی ڕووسیا بێنێت و هەروەها پرۆژەی هاوبەشی فڕۆکەی پێشکەوتووی جۆری ئێف 35 لە نێوان ئەنکەرە و واشنتن جارێکی دیکە کارا بکرێتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەر دوو وڵاتی سوید و فینلەندا پێشتر مافی نیشتەجێبوونیان بە ژمارەیەک لە کوردانی تورکیا داوە کە بە لای ئەنکەرەوە وەک ئەندام و لایەنگری پەکەکە دەناسرێن و بە قبووڵنەکراو ناوی بردووە.

تورکیا داوای لە سوید و فینلەندا کردووە کە بەدەر لە هەڵوەشانەوەی مافی نیشتەجێبوونی ئەو کەسانە، پەکەکە و گرووپەکانی دیکەی نزیک لە قەندیل وەک تیرۆریست بناسن./.