نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات

(0) / / ئاسیا / جنین پلاسخارت


May 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە کرد کە لە جێی شەڕی گەیشتن بە دەسەڵات، هەنگاوی پێویست بۆ پێشکەوتنی عێراق هەڵبگرن.

جنین پلاسخارت لە ڕاپۆرتێکی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر دۆخی عێراق ئاماژەی بە قەیرانی ئێستا و شەڕی لایەنەکانی لە سەر گەیشتن بە دەسەڵات داوە.

ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە خەڵکی عێراق چاوەڕوانی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنیان لە لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە هەیە نەک ئەو شەڕەی لە سەر دەسەڵات کە چەندین مانگە لە پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەبینرێت.

پلاسخارت ڕایگەیاندووە کە ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق بەرز بووەتەوە و لە ئەگەری بەردەوامی ئەم قەیرانە سیاسییە، ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت.

ڕاشیگەیاندووە کە کاتی ئەوەیە بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، کۆنتڕۆڵی گەندەڵی، جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، جۆربەجۆرکردنی ئابوری و حکومڕانییەکی شیاو، گرنگی بە داواکارییەکانی گەلی عێراق بدرێت.

نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییە سیاسییەکان پەرەی سەندووە و ئەمەش کاریگەری نەرێنیی لە سەر دۆخی ژیانی دانیشتووانی هەرێم داناوە./.