ئاسۆی بەردەم پرۆسەی سیاسی لوبنان / ئایا ئەزموونی عێراق دووبارە دەبێتەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / لوبنان


May 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان هیچ لایەنێک براوەی زۆرینەی کورسییەکان نەبووە بەڵام وا هەڵسووکەوت دەکەن کە هەر یەک خۆی بە یەکەمی ئەو پرۆسەیە دەزانێت.

بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لوبنان، ئەم وڵاتە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ و لە یەکەم تێڕوانیندا هەست بەوە دەکرێت لە نەبوونی لایەنێکی براوەی زۆرینەی کورسییەکان، جەمسەربەندییەکی نوێی سیاسی بێتە پێشەوە.

بە پێی ئەنجامەکان، ژمارەی کورسییەکانی حیزبی هێزەکانی لوبنان لە 14 کورسی پەرلەمانی پێشوو بۆ 18 کورسی بەرز بووەتەوە. لە بەرامبەردا ڕەوتی نیشتمانیی ئازاد بە سەرۆکایەتی جوبران باسیل لە 29 کورسیی ساڵی 2018، تەنیا 18 کورسیی بە دەست هێناوە.

بزوتنەوەی ئەمەل و حیزبوڵڵاش 31 کورسییان هەیە کە دەکاتە سەرجەم کورسیی شێعەکانی لوبنان.

وەزارەتی ناوخۆی لوبنان ڕێژەی بەشداری خەڵکی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە بە لە سەدا 42 ناو بردووە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 ئەم ڕێژەیە لە سەدا 49 بووە، هەروەها ساڵی 2009 لە سەدا 54 ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی لوبناندا کرد.

بە ڕای چاودێرانی دۆخی لوبنان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چەند بابەت ڕوون دەکاتەوە:

یەکەم: لاوازبوونی پێگەی لایەنی مەسیحیی هاوپەیمانی حیزبوڵڵا و سەرکەوتنی حیزبی هێزەکانی لوبنان کە کاریگەری زۆر گرنگی لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پاڵپشتی سیاسیی مەسیحییەکان لە حیزبوڵڵا دەبێت.

دووەم: سەرکەوتنی هێزەکانی سەر بە کۆمەڵگای مەدەنی کە 12 کورسییان بە دەست هێناوە.

سێهەم: گۆڕانکاری بەرچاو لە نوێنەرانی سوننە لە نەبوونی ڕەوتی موستەقبەل. ئەنجامەکان پیشان دەدات کە نوێنەرانی سوننە لە لایەنە جیاجیاکانن و هەندێک لەوان پاڵپشتی لە حیزبوڵڵا دەکەن و کەسایەتییەکی ئەوتۆیان تێدا نابینرێت کە ئەزموونێکی زۆری سیاسیی هەبێت.

لە قۆناغی داهاتوو لوبنان ڕوبەڕوی چەند بابەتێکی گرنگ دەبێتەوە، وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، پێکهێنانی حکومەت، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە مانگی تشرینی یەکەم و هەروەها دانوستان لە گەڵ سندۆقی نێودەوڵەتی دراو.

بەم پێکهاتەی پەرلەمانەوە دەتوانین بڵێین کە کەلێنێکی زۆر کەوتووەتە نێوان لایەنەکانی 8  و 14 ی ئادار و بە پێی ئەوەی کە هیچ لایەنێک براوەی زۆرینە نییە، گۆڕەپانی سیاسی لوبنان تووشی نەبوونی هاوسەنگی دەبێت و بە کردەوە پەرلەمان دەبێتە شوێنی کشێمەکێشی لایەنە سیاسییەکان.

بەم دۆخە ڕەنگە دۆخی ئێستای عێراق و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە لوبنانیش دووبارە ببێتەوە. ئەوەی کە هیچ لایەنێک براوەی زۆرینە نییە و خۆیان وەک براوە دەناسێنن ڕەنگە لوبنان بەرەو قەیرانێکی نیشتمانی ببات.

ڕەنگە ئەم قەیرانەش لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانەوە دەست پێ بکات و بگاتە بۆشایی سیاسی و یاسایی لەم وڵاتە./.