سعوودیە یەکەم وڵاتی هاوردەکاری چەک و کەرەستەی سەربازییە

(0) / / ئاسیا / سعوودیە


Mar 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

ڕاپۆرتی ناوەندێکی توێژینەوەیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەناردەکاران و هاوردەکارانی چەک لە جیهان لە ساڵانی 2016 تا 2020 پیشان دەدات کە ناوی 5 وڵاتی عەرەبی لە نێو 10 وڵاتی هاوردەکاری چەک و کەرەستەی سەربازیدایە.

ناوەندی نێودەوڵەتی توێژنەوەکانی ئاشتی ستۆکهۆڵم ڕاپۆرتێکی لە سەر وڵاتانی هاوردەکار و هەناردەکاری چەک و کەرەستەی سەربازی لە نێوان ساڵانی 2016 تا 2020 بڵاو کردووەتەوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەش، سعوودیە بەراورد بە 5 ساڵ بەر لەم ماوەیە، هاوردەی چەکی خۆیی بە ڕێژەی لە سەدا 61 بەرز کردووەتەوە. ئەمریکا یەکەمین وڵاتە کە زیاترین چەکی بە سعوودیە فرۆشتووە و لە سەدا 79 ی چەکە هاوردەکراوەکانی سعوودیە لە ئەمریکایە. پاش ئەمریکا بەریتانیا  و فەرەنسا زیاترین چەکیان ڕەوانەی سعوودیە کردووە.

سعوودیە، میسر، جەزایر، قەتەر و ئیمارات ئەو 5 وڵاتە عەرەبییەن کە زیاترین چەک و پێداویستی سەربازییان هاوردە کردووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە هاوردەی چەکی سعوودیە بە هۆی شەڕی یەمەنەوە لە ساڵی 2016 تا 2020 نزیکەی 273 ملیار دۆلار بووە کە لە سەدا نزیکەی 21 ی خەرجییەکانی حکومەتی ئەم وڵاتە دەبێت./.