سەرۆکایەتی محەممەد بن زاید لە ئیمارات؛ چ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی تاران – ئەبوزەبی ڕوو دەدات؟

(0) / / ڕاپۆرت / محەممەد بن زاید سەید ئیبراهیم ڕەئیسی


May 23, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئێران و ئیمارات هەوڵی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانیان و تێپەڕکردنی قۆناغی ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو دەدەن.

هەڵوێستی بەرپرسانی ئێرانی و ئیماراتی هاوکات لە گەڵ دەستنیشانکردنی محەممەد بن زاید ئالی نەهیان بە سەرۆکایەتی ئیمارات سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران – ئەبوزەبی، پیشاندەری تێڕوانینێکی نوێیە.

شەڕی ئۆکرانیا و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان ئەو دەرفەتەی داوەتە محەممەد بن زاید کە بۆ گۆڕینی نەخشەی هاوپەیمانییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو بنێت و لەم پێناوەدا ناوبراو پێدەچێت گرنگی بە ئێرانیش بدات.

لە نوێترین هەڵوێست لە لایەن ئێرانەوە سەبارەت بە پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیمارات، سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بە بۆنەی هەڵبژاردنی محەممەد بن زاید وەک سەرۆکی نوێی ئیمارات، هیوای خواست کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ناوبراودا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕوو لە گەشەسەندن بکات.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانیش کە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی سەرۆکی پێشووی ئیمارات سەردانی ئەم وڵاتەی کرد، لە تویتێکدا ڕایگەیاند بە گەرمی دەستی دراوسێکانمان دەگوشین و گەرمی پەیوەندییەکانی نێوان دراوسێکان، دوژمنانی ناوچەکە بێهیوا دەکات.

بەردەوامی ڕێگای پێشوو

لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەرکاری کابینەی نوێی ئێران، هێمای گەیشتنی تاران – ئەبوزەبی بە قۆناغێکی نوێی دۆستایەتی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ئاشکرا بووە.

یەکەم هێماش بەشداری وەزیرێکی ئیماراتی بە ناوی نەهیان موبارەک ئالی نەهیان لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بوو و لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ ناوبراو ئیماراتی بە دۆستی ڕاستگۆی ئێران ناو برد و جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دەدات.

لە مانگی نیسانی ڕابردووش عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە وتووێژێکی تەلەفوونی لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی تاوتوێ کرد.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەو وتووێژەدا وتی کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئەبوزەبی بەرەو گەشەسەندن دەڕوات و جەختی لە سەر پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.

گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان

عەدنان هاشم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە سیاسییەکانی ساس ڕایگەیاندووە کە بە دەستنیشانکردنی محەممەد بن زاید وەک سەرۆکی ئیمارات، سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە هێندە تووشی گۆڕانکاری نابێت لە بەر ئەوەی کە ناوبراو لە ساڵی 2014 تا ئێستا بە کردەوە سەرۆکی ئیمارات بووە و سەرکردایەتی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیی کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە قۆناغی ئێستادا پەیوەندییەکانی ئێران و ئیمارات لە بواری سیاسی، ئابوری و ئەمنی پەرەی پێدەدرێت.

هاشم ڕایگەیاندووە کە ئەم پەرەپێدانەش دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات نییە بەڵکوو ئەنجامی پێویستیی وڵاتانی ناوچەکە بە هاوکاری کاریگەرە بەە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، تەحنون بن زاید ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات سەردانی تارانی کرد و لە گەڵ سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووە. سەردانەکەش پیشان دەدات کە ئیمارات بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە سیاسەتێک لە سەر بنەمای ڕاستی لە بەرامبەر ئەم دراوسێیەی خۆی دەگرێتەبەر.

تەحنون بن زاید بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێرانی کرد سەردانی ئیمارات بکات. لە ساڵی 2007 تا ئێستا هیچ سەرۆک کۆمارێکی ئێران سەردانی ئیماراتی نەکردووە.

ئەم هەوڵانەی ئیمارات لە بەرامبەر کێبڕکێی لە گەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەک تورکیا و قەتەر دێت کە پیشان دەدات ئەم وڵاتە سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و زیاترکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکان پەیرەو دەکات.

هەوڵەکانی ئیمارات بۆ تێپەڕکردنی قۆناغی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران لە ساڵی ڕابردوو و پاش هێرشی سەر نەوتهەڵگرەکان لە نزیک کەناراوەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی سعوودیە دەستیپێکرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرگری بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا لە بەرامبەر دەسدرێژییەکانی سعوودیە و ئیمارات، بووەتە جێی نیگەرانیی ڕیاز و ئەبوزەبی./.